سەدان کابینەی پڕ لە ماددەی تەقینەوە لە عێراقدا ئاشکرا دەکرێن
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-8-2020، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بڕێکی زۆری تەقەمەنی لە کۆگایەکدا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی بەسەردا گیراوە، کە لە ئەگەری تەقینەوەیدا، ناوچەیەکی فراوانی بە تەواوی وێران دەکرد.
هەروەها خالید سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ لە عێراق رایگەیاندووە، 513 کابینە (حاویە)ی پڕ لە ماددەی تەقینەوە لە بەندەرەکانی ئوم قەسر لە بەسرە، هەن.
ئەو کابینانە، کە پڕن لە ماددەی کیمیاوی و مەترسیی تەقینەوەی گەورەیان دروست کردووە، ماوەیەکی زۆرە بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، لەو بەندەرانە راگیراون.
عالیە نوسەیف جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەست بەسەرداگرتنی ئەو هەموو کۆگا و کابینە پڕ لەو ماددانە بە هەنگاوێکی باش بۆ دوورکەوتنەوە لە روودانی تەقینەوەی هاوشێوەی بەیرووت لە شارەکانی عێراق، هەژمار دەکات.
رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
باسنيوز