ئەحمەد سەفار: هیچ بڕیارێکی فەرمی لە بەغداوە بۆ ناردنی مووچەی کوردستان نییە

ئەحمەد سەفار: هیچ بڕیارێکی فەرمی لە بەغداوە بۆ ناردنی مووچەی کوردستان نییە
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ ناردنی بڕە پارەیەک لە بەغداوە وەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و ئەوەی باسدەکرێت تەنیا قسەی راگەیاندنە.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناشزانین ئەگەر بەغدا بیەوێت پارە بنێرێت چۆن و بە چ میکانیزمێک دەینێرێت، چونکە ئەوە پێویستی بە رێککەوتنە".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ناردنی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە. ناکرێت چارەنووسی دارایی هاووڵاتییان بە میزاجی سیاسییەکەوە ببەسترێتەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکدا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو دەبرێتە پەرلەمانی عێراق. ئەحمەد سەفار پێیوایە، "ئەگەر پێش ئەو وادەیە هەولێر و بەغدا لەسەر چوار مانگی داهاتووی ساڵی 2020 رێکنەکەون، کێشەکان درێژە دەکێشن. ئەو کێشەیەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە سیاسییە نەک دەستووری، لە چەند مانگی رابردووشدا کە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی نارد، بە رێککەوتنی سیاسی ناردی".

لە شەش مانگی رابردوودا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش جار سەردانی بەغدای کردووە، هەرچەندە ئەنجامەکان بە ئەرێنی وەسفکراون، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.

پێشتر مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندبوو، ئەگەر بزانێت بەغدا نیازی رێککەوتنی هەیە، خۆی بۆ گفتوگۆکردن دەچێتە بەغدا.



rudaw
Top