​​​​​​​لە رۆژئاوای کوردستان کەمپێکی نوێ بۆ پەنابەران دروستدەکرێت

​​​​​​​لە رۆژئاوای کوردستان کەمپێکی نوێ بۆ پەنابەران دروستدەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، کەمپێکی نوێ بۆ کۆچبەرانی سەرێکانی دروستدەکرێت کە لە ناوەندەکانی شاری حەسەکە دەمێننەوە.

بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەو کەمپە نوێیەی بۆ کۆچبەرانی سەرێکانی دروستکراوە بڕیارە لە 20ـی ئاب دەست بە پێشوازیکردنی کۆچبەرەکانی سەرێکانی و گرێسپی بکات.

کۆچبەرانی سەرێکانی و گرێسپی ئێستا لە قوتابخانەکانی حەسەکە دەژین و بڕیاریشە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی کانتۆنی حەسەکە بەشێوەیەکی فەرمی کردنەوەی کەمپەکە رابگەیێنێت.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە کە کەمپی سەرێکانی لەسەر رووبەری 600 دۆنم دروستکراوە و جێگەی دوو هەزار و 660 کەس دەگریت. لە کەمپەکەدا هەزار و 620 چادری تاکەکەسی و هەزار و 40 چادریش بۆ خێزانی گەورە دروستکراون. خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاو و کارەبا دابیکراون و رێگەی هاتووچۆی نێو کەمپەکەش چیمەنتۆکراوە.

دوای ئەوەی لە 2019/10/09 سوپای تورکیا بە هاوکاریی سوپای نیشتمانیی تورکیا هێرشی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد، هەردوو شاری سەرێکانی و گرێسپیی کۆنترۆڵکرد.

بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 هەزار کەسی سڤیل لەو هەرێمانەی کەوتنە بەر شەڕ ئاوارە بوون. بە هەزارانیان روویانکردە شارەکانی حەسەکە و بەو هۆیەشەوە بەشی زۆری کۆچبەرەکان لە بەشێكی قوتابخانەکانی حەسەکە جێگیر کران و بەوەش گوشاری زیاتر کەوتە سەر قوتابخانەکانی دیکە بۆ جێکردنەوەی قوتابییەکان.

بەشێکی کۆچبەرەکانیش لە کەمپی واشوکانی بە دووریی 12 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەسەکەوە جێگیر کران کە ئێستاش 12 هەزار کۆچبەر لەنێو کەمپەکەدا دەژین.

بۆچارەسەر کردنی گرفتی خوێندن بۆ ساڵی نوێ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە رۆژهەڵاتی حەسەکە کەمپێکی نوێی بۆ کۆچبەرەکان بە ناوی کەمپی سەرێکانییەوە دروستکردووە و بڕیارە 20ـی ئاب پێشوازی لە هاتنی کۆچبەرەکان بکات.




rudaw
Top