فوئاد حوسێن داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات رۆڵیان لە وەستاندنی هێرشەکانی تورکیادا هەبێت
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە جیا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە جان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەیمس کلیفرلی، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا باسی لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق کردووە و تێیدا هاتووە، "دوایینیان دەستدرێژیی تورکیا بوو کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو ئەفسەر و سەربازێکی سوپای عێراق".
لە پەیوەندییەکاندا فوئاد حوسێن پێشێلکردنی سەروەریی عێراقی لەلایەن تورکیاوە رەتکردووەتەوە. هەروەها سەرکۆنەی دوایین دەستدرێژی کردووە کە کراوەتە سەر ناوچەی سیدەکان لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان. هەروەها داوای کردووە حکومەتەکانیان رۆڵی کارایان بۆ وەستاندنی دەستدرێژییە دووبارەکانی تورکیا و کشاندنەوەی ئەو هێزانەی کە هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە هەبێ.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی ئەوەش دەکات کە وەزیرانی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا لە پەیوەندییەکاندا سەرەخۆشییان لە حکومەتی عێراق کردووە بەهۆی قوربانییەکانی ئەو هێرشەوە و دەڵێت، "جەختیشیان کردووەتەوە کە وڵاتەکانیان لەگەڵ عێراق هاوسۆزن و ئەو دەستدرێژییەیان شەرمەزارکردووە. بە پێویستیشیان زانیوە رێز لە بنەماکانی دراوسێیەتی بگیرێت لەگەڵ ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییانەی کە پەیوەندیی نێوان وڵاتان رێکدەخەن و رێزیش لە سەروەریی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەی بگیرێت".
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییانە بەشێکن لە هەوڵێکی دیبلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا.
هەر ئەمڕۆ هەینی، لەسەر ئەو پرسە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندیی بە هەریەک لە ئەحمەد ئەبوو غیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر، ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، فەیسەل بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ئەحمەد ناسر محەممەد سەباح، وەزیری دەرەوەی کوێتەوە کردووە.
rudaw