پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ: حکوومەتەکەی کازمی خراپترین حکوومەتە لە مێژووی عێراقدا
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ حکوومەتی ئێستای وڵاتەکەی بە خراپترین حکوومەتی پێکهێندراوی وڵات هەژمار دەکات.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاکانی ولاتەکەی راگەیاندووە، کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی هیچ بەرنامەیەکی روونی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە.
باسم خەشان هەروەها رایگەیاندووە، کە عێراق پێویستیی بە کەسێکە، کە ”بە ئاگا بێ و بتوانێ وڵات لە رووی ئابوورییەوە پێش بخات و هەست بە روودانی شتەکان بکات“.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کابینەکەی مستەفا کازمی ”خراپترین“ حکوومەتە لە تەواوی مێژووی عێراق و هیچ کابینەیەکی حکوومەتی عێراق هێندەی کابینەکەی ئەو خراپ نەبووە.
باسم خەشان چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و لێپرسینەوە لە گەندەڵەکان و لادانی ”بەشێک لە دادوەرەکان“، کە بە هۆکارێکی بە هەدەردانی سامانی وڵات ناوی بردوون، بە بناغەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق داناوە.
باسنيوز