هاتوچۆی دەرەوەی وڵات لە وەزیری پێشووی كارەبای عێراق قەدەغە كرا
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغدا بڕیاری دا هاتوچۆی دەرەوەی وڵات لە لوئەی خەتیب وەزیری پێشووی كارەبای عێراق و بەرپرسێكی دارایی وەزارەتەكە قەدەغە بكات.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە دادگای كەرخ كە تایبەتە بە دۆسیەكانی دەستپاكی، بڕیاری داوە ڕێگە نەدرێ لوئەی خەتیب وەزیری كارەبا لە حكوومەتی دەست لەكار كێشاوەی عادل عەبدولمەهدی گەشتی دەرەوەی وڵاتەكە بكات، بە هەمان شێوە بڕیاری داوە ڕێگری لە گەشتی چوونە دەرەوەی وڵات لە فەلاح دلێمی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارایی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی كارەبا بكرێت.
جێی باسە لە عێراقدا لەوەتەی ساڵی 2006ەوە چەندین ملیار دۆلار لە پرۆژەكانی كەرتی كارەبا خەرج كراوە، بەڵام بە هۆی گەندەڵییەوە، كەرتی كارەبا بەردەوام بەرەو خراپتر چووە.