په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی داوای هه‌نگاوی كرداری به‌په‌له‌ بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا له ‌خاكی عێراق ده‌كات

 په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی داوای هه‌نگاوی كرداری به‌په‌له‌ بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا له ‌خاكی عێراق ده‌كات
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی توركیا له‌ناوچه‌ی سیده‌كانی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌ ده‌كات و داواش له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات، ده‌ست به‌جموجوڵه‌كانیان بكه‌ن بۆ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌.

مه‌شعه‌ل بن فه‌هم سه‌لمی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندوه‌، "كاری تێكده‌رانه‌ و پێشێلكاریه‌ سه‌ربازیانەی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خاكی عێراق ده‌كرێن دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌روه‌ری كۆماری عێراق دروستكردوه‌ و پێشێلكاری رونی بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌، هه‌روه‌ها سه‌رپێچیه‌كی رونی بڕیاره‌كانی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و رێزنه‌گرتنه‌ له‌په‌یوه‌ندی باشی دراوسێیه‌تی".

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانیشی كردوه‌ و رونیکردەوە، په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌وه‌ستێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیه‌كانی و پشتگیریش بۆ رێكارێكیش ده‌رده‌بڕێت، كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بیگرێته‌به‌ر بۆ به‌رگریكردن له‌خاك و سه‌روه‌ری ولاته‌كه‌ی، كۆمكاری عه‌ره‌بی ئاماده‌یه‌ كاربكات له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی به‌مه‌به‌ستی راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی داواشی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردوه‌، ده‌ست به‌جموجوڵی به‌په‌له‌ و خێرا بكات بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری كۆماری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی ناوچه‌كه‌.

دوێنێ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، كاتژمێر 2:45 خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه‌، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كی له‌شكری توركیاوه‌ ئوتۆمبێلێكی هێزه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنور كرایه‌ ئامانج و دو ئه‌فسه‌ری هێزه‌كه‌ شه‌هیدبون به‌ ناوه‌كانی عه‌مید، محه‌مه‌د ڕه‌شید سلێمان، فه‌رمانده‌ی لیوای دوی پاسه‌وانیی سنور و عه‌قید، زوبێر حالی تاجه‌دین، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی لیوای دوی پاسه‌وانیی سنور، هه‌روه‌ها عه‌قید حیسامه‌دین عه‌بدولڕه‌حمان حه‌سه‌ن برینداربو.




خەندان
Top