وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا هەڵدەوەشێنێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا، هەڵدەوەشێنێتەوە.
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020،، خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی، بگاتە بەغدا.
رۆژی سێشەممە 11-8-2020، دوو فەرماندە و ژمارەیەک سەربازی پاسەوانی سنووری سەر بە سوپای عێراق، کە کورد بوون، لە سنووری ناحیەی سیدەکان بە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا شەهیدبوون.
وەک ناڕەزایەتییەک دژی شەهیدکردنی ئەو فەرماندە و سەربازانە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، باڵوێزی تورکیا بانگهێشت دەکەن و یاداشتێکی توڕەیی عێراقی پێدەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، کە بڕیاریان داوە سەردانەکەی خوڵوسی ئاکار بۆ بەغدا هەڵبوەشێننەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە پێویستە هیچ لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕی خۆی، بەکار نەهێنێت.
بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان، تورکیا بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات.
خەڵکی ئەو ناوچانە، کە زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددیان بەهۆی شەڕی پەکەکە. تورکیا بەرکەوتووە، بەردەوام داوا لە سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەن بارەگاکانی حزبەکە لەناو گوند و ئاوەدانییەکان بباتە دەرەوە، بەڵام پەکەکە گوێ بە داواکاریی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە نادات.
باسنیوز