تەندروستیی عێراق: پێکوتە رووسییەکەی کۆرۆنا سەرەتا دەدەینە چوار توێژ
بەرپرسێکی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت، پێکوتە رووسییەکەی دژە پەتای کۆرۆنا سەرەتا دەدرێتە چوار توێژی عێراق.
نەهرۆ محەمەد، ئەندامی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، عێراق داواکاری بۆ کڕینی پێکوتەی دژەکۆرۆنا، پێشکەشی رووسیا کردووە.
هەروەها ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە هەمان رۆژنامەی راگەیاندووە، لەکاتی گەیشتنی پێکوتەی دژەکۆرۆنا، سەرەتا دەدرێتە ئەم چوار توێژە:
- ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە
- ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە
- پزیشک و کارمەندانی تەندروستی
- کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان
رۆژی سێشەممە 11-8-2020، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پێکوتەی دژیکۆرۆنا بە سەرکەوتوویی تاقی کراوەتەوە و وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەشی وەک پێکوتەیەکی دژەکۆرۆنا، پەسەندی کرد.
باسنيوز