عێراق بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڕیارێك ده‌دات

عێراق بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڕیارێك ده‌دات
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق بڕیاریدا، لیژنه‌یه‌ك بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی پرۆگرامی خوێندن "مه‌نهه‌ج" بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 پێكبهێنێت.
له‌ نووسراوێكی گشتاندندا، كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ ئاراسته‌ی به‌شی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی و پسپۆڕی له‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی ته‌واوی پارێزگاكان كراوه‌، هاتووه‌: "وه‌زاره‌ت بڕیاریداوه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و پسپۆڕی سه‌رجه‌م مادده‌كانی خوێندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی پرۆگرامی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 پێكبهێنرێن".
له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پێویسته‌ ئه‌م تێبینییانه‌ی خواره‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێن:
یه‌كه‌م: قۆناغی سه‌ره‌تایی:
خوێندنی پۆلی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌ره‌تایی له‌ 30 وانه‌ زیاتر نه‌بێت و پێویسته‌ له‌و دوو قۆناغه‌ سه‌رجه‌م پیته‌كان بخوێندرێن.
خوێندنه‌وه‌ بۆ پۆلی سێیه‌م 35 وانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت و تایبه‌تمه‌ندی بابه‌ته‌كانیش بۆ گفتوگۆ و ده‌ربڕین هه‌فتانه‌ یه‌ك به‌شه‌ وانه‌یان ده‌بێت.
لیژنه‌ی بیركاری و زانست و زمانی ئینگلیزی پێشنیازه‌كانی بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن ده‌خاته‌روو، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رێژه‌ی له‌ 40%ی ئامانجه‌ گشتییه‌كان بپێكێت، ئه‌مه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و وانانه‌ی له‌ قۆناغه‌كانی داهاتووی خوێندندا بنچینه‌ی ئه‌و سێ مادده‌یه‌ن.
دووه‌م: قۆناغی ناوه‌ندی:
پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كانی تایبه‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به‌ لایه‌نی لێهاتوویی قوتابی و به‌ ئاماده‌بوونی رێژه‌ی له‌ 40% بۆ مادده‌كانی زینده‌زانی، ئه‌ده‌بی، پراكتیكی و ته‌كنیكی.
كاركردن له‌سه‌ر پوختكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وانه‌كان بۆ ئه‌و ماددانه‌ی تایبه‌ت به‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان و درووستكردنی پرسیار له‌باره‌ی سه‌رجه‌م مادده‌ و بابه‌ته‌كان، به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر لیژنه‌یه‌ك.
پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی پلانی پرۆگرام به‌گوێره‌ی سه‌كۆی نیوتن بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی گه‌یاندن له‌ دووره‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌ خوێندنیان بدرێت.
تایبه‌تكردنی تاقیكردنه‌وه‌ زانستی و زمانه‌وانییه‌كان، كه‌ ده‌كرێت له‌ رێگه‌یه‌وه‌ تاقیگه‌ گریمانه‌ییه‌كان به‌كاربهێنرێن.
سێیه‌م: تاقیكارییه‌كان:
پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كان بۆ به‌هێزكردنی به‌رده‌وام له‌ هه‌رسێ پۆله‌كانی "یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م"ی قۆناغی سه‌ره‌تایی.
پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی و تاقیكردنه‌وه‌ی زانستی "سه‌ر كاغه‌ز" بۆ بابه‌ته‌كانی وانه‌كان به‌گوێره‌ی پسپۆڕێتییه‌كان بۆ قۆناغه‌كانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی.
پێشكه‌شكردنی پلانی پێشنیازكراو له‌باره‌ی رێكخستنی خشته‌ی وانه‌كانی قوتابخانه‌ به‌گوێره‌ی سیسته‌می شیفتات و به‌ رێژه‌ی له‌ 40%.
پیشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی وانه‌وتنه‌وه‌ بۆ وانه‌ بنچینه‌ییه‌كان، كه‌ له‌ ساڵی رابردوو نه‌خوێندراون و دیاریكردنی خشته‌كان له‌ كاتی دیاریكراودا.
پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كان له‌باره‌ی ئه‌ركی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاریی به‌دواداچوونی ئه‌لیكترۆنی و به‌دواداچوونی سه‌كۆی نیوتن و ئه‌و وانانه‌ی له‌خۆی ده‌گرێت.
له‌ كۆتایی نووسراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌‌، هه‌ر پێشنیازێكی دیكه‌ له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێت، پێویسته‌ دۆخی كۆرۆنا له‌به‌رچاو بگیرێت.



k24
Top