تەندروستیی عێراق: ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکان نەبن، رەوشەکە لە کۆنترۆڵی ئێمە دەردەچێت

تەندروستیی عێراق: ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکان نەبن، رەوشەکە لە کۆنترۆڵی ئێمە دەردەچێت
رۆژ لەدوای رۆژ رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق لە زیادبووندایە. وەزارەتی تەندروستیی عێراق ھۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییە تەندروستییەکان دەگەڕێنێتەوە و ھۆشداریش دەدەن ئەگەر بێتو خەڵک پابەندی رێنماییەکان نەبن، رەوشەکە لە کۆنترۆڵی ئەوان دەردەچێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا و هۆشدارییەکانی خۆپارێزییش نەیانتوانیوە ساردی بخەنە بازاڕە گەرمەکەی عەباسی بۆرەک فرۆشەوە. وەک پیشە 8 ساڵەکەی بەبێ دەمامک بۆرەک دەداتە کڕیارانی.

عەباس حوسێن، فرۆشیارە و دەڵێت، "وەک دەزانن ئەمە تاوەیە و گەرمە و پلەی گەرماش بەرزە، بۆیە ناتوانم دەمامک ببەستم؛ هەناسەم تەنگ دەبێت. تەندروستی دێن ئاگادارمان دەکەنەوە، بەڵام من شوێنەکەم ھی ئەوە نییە کە دەمامک ببەستم".

بەپێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە، لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان خەڵکێکی زیاتر لەو کەسانەی دەمامکیان بەستووە، بەبێ دەمامک دەبینرێن.

عیسام سەمەد، دووکاندارە و دەڵێت، "ھەیە دەمامک دەبەستێت و پابەندە، ھەشە نایبەستێت و لێیدەپرسین بۆ دەمامک نابەستیت، دەڵێت بە ئارەزووی خۆمە و کۆرۆنا نییە".

عەلی کەریم، فەرمانبەری خانەنشینە و دەڵێت، "ھەندێک کەس ھەیە لووتبەرزن، بەڵام کاتێک نەخۆشی دەگرێت و دەکەوێت، ئەو کاتە دەزانیت سوودی دەمامک چییە".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان بەغدا لە تۆمارکردنی تووشبووانی کۆرۆنا پێشەنگە و رۆژانە نزیکەی 500 تووشبووی تێدا تۆمار دەکرێت.

د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوور نییە کە بەرەو رەوشێکی ترسناک بڕۆین وەک چۆن وەزارەت لە راگەیێندراوەکەشدا بە روون و ئاشکرا باسی کردووە کە ئێمە بەرەو بڵاوبوونەوەیەکی بێژمار دەچین. ئەگەر بێتو خەڵک پابەند نەبن، رەوشەکە لەدەستمان دەردەچێت".

ئێستا کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 153 هەزار و 599 کەس، لەو ژمارەیە 5 هەزار و 464 کەس گیانیان لەدەستداوە و 109 هەزار و 790 کەس چاکبوونەتەوە.




rudaw
Top