عێراق: بەداخەوە بۆ لوبنان ناوی ئێمەی نەهێنا

عێراق: بەداخەوە بۆ لوبنان ناوی ئێمەی نەهێنا
لە بەیاننامەیەكدا باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت نیگەرانی خۆی لە راپۆرتێکی سوپای لوبنان راگەیاند، كە تایبەتە بەو وڵاتانەی، دوای تەقینەوە كارەساتبارەكەی رۆژی سێشەممەی بەیرووت، هاوكارییان پێشكەش بەو وڵاتە كردووە.
لە بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی عێراقدا هاتووە، "وێڕای ئەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵوێستێكی برایانە و هاوسۆزانەی گەلی عێراقی بۆ نەهامەتییەكانی گەلی لوبنانی نیشاندا و ئەمڕۆ یەكەم كاروانی هاوكارییەكانی سووتەمەنی عێراقی لە رێگەی 20 تانكەرەوە گەیشتە لوبنان، كە لە 750 هەزار لیتر زەیتی گاز پێكهاتبوو، بەڵام لە راپۆرتەكەدا بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بە ناوی عێراق نەكراوە".
هەروەها دووپاتی كردەوە، "بەداخەوە بۆ ئەو راپۆرتەی سوپای لوبنان كە ناوی عێراقی نەخستە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی لە نەهامەتییەكەدا لەگەڵی وەستاونەتەوە، لەكاتێكدا عێراق لەو وڵاتانە بوو كە راستەوخۆ دوای كارەساتەكە 20 تۆن هاوكاری پزیشكیی و ژمارەیەك تیمی پزیشكانی بۆ ئەو وڵاتە رەوانە كردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، "عێراق ئامادەكاری بۆ ناردنی بڕێك گەنمیش بۆ لوبنان دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو گەنمەی لە ئەنجامی تەقینەوەكەی بەیرووتدا بەهەدەر چووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوسۆزی گەلی عێراقە بۆ خەڵكی لوبنان".
بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروت، 154 کەس گیانیان لەدەستدا و شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، زیانی شەش ملیار دۆلاریش بە لوبنان کەوت




k24
Top