چاودێرێک: کازمی گەندەڵییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەقۆزێتەوە
بورهان رەئوف، چاودێری سیاسی، رای گەیاند، ئەو نمایش و چوونە ناو خەڵک و مانۆرە سیاسی و کارانەی کە مستەفا کازمی وەکو سەرۆکی حکوومەتی عێراق دەیانکات، بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ”مستەفا کازمی دەیەوێ سوود و وەبەرهێنان لەو گەندەڵییانەدا بکات، کە حزب و کەس و حکوومەتەکانی دوای رژێمی پێشووی عێراق کردویانە“.
بورهان رەئوف بە دووری نازانێ بەهۆی ئەوەی شەقامی عێراقی لە بێهیوایی دایە، کازمی بتوانێ سوود لەو گەندەڵییانە وەربگرێت، بەتایبەتی ئەو گەندەڵییانەی میلیشیا شیعییەکان بۆ عێراقیان دروستکردووە، ”خەڵکی عێراق کازمی بە ئومێدێک دەزانێ بۆ دەربازبوون لەو دۆخە کە هێندە بەسە باسی بکەین، 62 ملیار دۆلار تەنیا لەکەرتی کارەبادا خەرج کراوە و کارەباش نیە“.
ئەو چاودێرە پێیوایە تەوافق و ئەوەی پێی دەوترا رێکەوتنی نێوان پێکهاتەکان هیچی لە دۆخی عێراق نەگۆڕیوە، :“ئەوەتا لە دەستووردا مافەکانی پێکهاتەکان دیاریکراوە، بەڵام ئایا چەندی جێبەجێکراوە“.
بورهان رەئوف بە ئاماژەکردن بەوەی کازمی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە نەگەیشتووەتە سەر دەسەڵات، رایگەیاند، ”کازمی خۆی بەرهەمی ئەو رێکەوتنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و ناوخۆییانەیە کە (عێراق)یان خستووەتە ئەو دۆخەوە“.
هەروەها بورهان فەرەج، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) نووسیویەتی، ”کازمی نوێنەری نەوەیەکی نوێیە، خۆی ئامادە دەکات بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە لە عێراق، بەڵام ڕێگەی سیاسیی مستەفا کازمی گوڵڕێژ نییە، ھێندەی پشتیوانی دەرەکی و نێوخۆی ھەیە، ئەوەندەش نەیاری ھەیە“.
باسنیوز