تانکەرە نەوتییەکانی عێراق دەگەنە لوبنان
ئەو بڕە نەوتەی حکوومەتی عێراق وەک هاوکاری پێشکەشی لوبنانی کرد، بە تانکەر دەگاتە ئەو وڵاتە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، تانکەرە نەوتییەکان نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 8-8-2020 دەگەنە لوبنان.
بڕیارە ریمۆن غەجەر، وەزیری وزەی لوبنانی و تیمێکی باڵوێزخانەی عێراقی، پێشوازیی لە یەکەم کاروانی تانکەرە نەوتیییەکان بکەن.
دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی نەوت، گازی شل و تیمێکی پزیشکی، هاوکاریی ئەو وڵاتە بکات.
ناردنی نەوت بۆ لوبنان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە بووەتە هۆی ناڕەزایی توندی هاووڵاتییانی عێراق و باس لەوە دەکەن، کە خەڵکی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و باشترە حکوومەتەکەیان هاوکاریی ئەوان بکات نەوەک نەوت بۆ لوبنان بنێرێت.
رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
باسنيوز