عێراق و پێنج وڵاتی کەنداو لەبارەی رێککەوتنی ئۆپێک راگەیەنراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە
دواین هەوڵ و ئاماژەکان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت لە جیهان باس کراوە
وەزیرانی نەوتی سعودیە، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین، عومان و عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکردوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا باسی دۆخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، دۆخی دارایی جیهانی و داخوازی لەسەر نەوت و دواین هەوڵ و ئاماژەکان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت لە جیهان کراوە.
رۆڵی بەغدا لە هەماهەنگی فراوانی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی نرخی نەوت بەرزدەنرخێنن
ئەوەش هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک ئاماژەی باشتربونی دۆخی دارایی جیهان خراوەتەبەر باس و بە پێویستیش زانراوە هەمو وڵاتان دەست بکەن بە کرانەوە و بوژانەوەی کەرتی ئابوری بە رێگایەکی پارێزارو، عێراق و وڵاتانی کەنداویش جەخت لەپابەندبون بە رێککەوتنی ئۆپیک پڵەس دەکەنەوە و رۆڵی بەغداش لە هەماهەنگی فراوانی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی نرخی نەوت بەرزدەنرخێنن.
عێراق پابەندکراوە بە کەمکردنەوەی 1.06 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە
بەپێی رێککەوتننامەی رێکخراوی "ئۆپێک+"، عێراق پابەندکراوە بە کەمکردنەوەی 1.06 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕەکانی نەوت.
پەیوەست بەم بابەتەش پێشوتر هەردو وەزارەتی نەوت و کلتوری عێراق بڵاویکردەوە، بە بۆنەی 60مین ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا عێراق میوانداری کۆبونەوەیەکی فراوانی رێکخراوەکە لە بەغدا دەکات.
باسنيوز