کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار
بەرپرسێکی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار.
ئەمڕۆ شەممە 8-8-2020، عەباس حوسێینی، ئەندامی لێژنەی قەیرانەکان لە فەرمانگەی تەندروستیی رەسافە لە بەغدا، بە میدیای حکوومیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە هەفتەکانی داهاتوو ژمارەی رۆژانەی تووشبووان بە کۆرۆنا بگاتە سێ هەزار کەس.
عەباس حوسێنی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە، کە بریتین لە؛
- زیادبوونی ژمارەی پشکنینەکانی کۆرۆنا
- گوێنەدانی هاووڵاتییان بە خۆپارێزی
- نەچوونی تووشبووانی بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا
- نەبوونی کارەبا لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، کە بەهۆیەوە خەڵک ناچار دەبێت روو بکاتە باخچە گشتییەکان و لەوێش تێکەڵاوییەکی زۆر دروست دەبێت.
ئەو بەرپرسە تەندروستییەی عێراق ئاشکرای کردووە، کە ماوەی سێ هەفتەیە عێراق گەیشتووەتە قۆناغی بڵاوبوونەوەی پەتاکە زۆر بەخێرایی و ئێستا پەتای کۆرۆنا لە هەموو ناوچەکانی عێراق هەیە.
تا ئێستا 144 هەزار و 64 کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، پێنج هەزار و 236 کەس گیانیان لەدەستداوە.
باسنیوز