عێراق رۆژانه‌ هه‌نارده‌كردنی ملیۆنێك و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌مده‌كاته‌وه‌

 عێراق رۆژانه‌ هه‌نارده‌كردنی ملیۆنێك و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌مده‌كاته‌وه‌
له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وتی عێراق و ئه‌میر عه‌بدولعه‌زیز بن سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز وه‌زیری وزه‌ی سعودیه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر پابه‌ندبونیان به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت كرده‌وه‌، به‌جۆرێك له‌م مانگه‌ و مانگی داهاتودا عێراق، رۆژانه‌ ملیۆنێك و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌مده‌كاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان سعودیه‌ و عێراق، كه‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌په‌یوه‌ندیه‌كی نێوان ئیحسان عه‌بدولجه‌بار و ئه‌میر عه‌بدولعه‌زیز بن سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیزدا باسیان به‌ به‌ره‌وپێشبردنی بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهانی و كه‌مبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی نه‌وت كردوه‌‌، هه‌ردولاش پابه‌ندبونی خۆیان به‌رێكه‌وتنی ئۆپێك له‌روی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت دوپاتكردوه‌ته‌وه‌.

له‌م مانگه‌ه‌وه‌ رێژه‌ی پابه‌ندبونی گه‌یشتوه‌ته‌ 100%، رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌مكردوه‌ته‌وه

له‌لای خۆیه‌وه‌، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار رایگه‌یاندوه‌، عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پابه‌ندی رێكه‌وتننامه‌ی ئۆپێك ده‌بێت، له‌م مانگه‌شه‌وه‌ رێژه‌ی پابه‌ندبونی گه‌یشتوه‌ته‌ 100%، رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌، له‌مانگی ئاب و ئه‌یلولی ئه‌مساڵیش قه‌ره‌بوی زیاد ره‌وانه‌كردنی نه‌وت له ‌مانگه‌كانی ئایار و حوزه‌یران و ته‌موزی ئه‌مساڵ ده‌كه‌نه‌وه‌.

وه‌ك قه‌ره‌بویه‌ك بۆ سێ مانگی رابردو هه‌نارده‌كردنی 850 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، وه‌ك قه‌ره‌بویه‌ك بۆ سێ مانگی رابردو هه‌نارده‌كردنی 850 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌، به‌وه‌ش له‌م مانگه‌ و مانگی داهاتودا، كۆی گشتی كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ ده‌گاته‌ ملیۆنێك و250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت.

به‌گێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، هه‌ردو وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وزه‌ی سعودیه‌ جه‌ختیشیان پاراستنی هاوسه‌نگی بازاڕه‌كانی نه‌وت له‌ جیهاندا كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر نرخ دروستده‌كات.








خەندان
Top