بەشیر حەداد: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تەنیا واژۆکردنی ماوە

بەشیر حەداد: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تەنیا واژۆکردنی ماوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەمجارە "بۆ ئیمزاکردنی" ئەو رێککەوتنەیە کە خەریکە لەگەڵ حکومەتی عێراق پێی دەگەن و رێککەوتنەکە تەنیا واژۆکردنی ماوە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدا شتێک نادات بە هەرێمی کوردستان ئەگەر پابەند نەبێت بە هەندێک بەرپرسیارێتییەوە، حکومەتی هەرێمیش نکۆڵیی لەوە نەکردووە و کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە ئیلتیزاماتە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات، ئەگەر بەغداش ئیلتیزاماتە دەستوورییەکانی بەتەواوی جێبەجێ بکات.

بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ مستەفا کازمی دەکرێت، رێککەوتنێکی کاتییە و تاوەکو کاتی هەڵبژاردنە، دوای هەڵبژاردن دەبێت رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ حکومەت بکرێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە و هەردوولا بەپێویستیان زانی کێشە داراییەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێت، بەجۆرێک "مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییان" پارێزراوبن.

ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە هەفتەی داھاتوو شاندی هەرێمی کوردستان بچنەوە بەغدا، ‎بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا بۆ عێراق لە پرسی نەوت گرنگتر، داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە و لە بەرامبەر رادەستکردنی 50%ی ئەو داهاتە، بەغدا مانگانە لەنێوان 350 بۆ 400 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، 60 ملیار دیناریش مانگانە وەکو شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە دەنێرێت.

‎پرۆسەی دانوستاندنەکان کە لەژێر چاودێریی ئەمریکا بەڕێوەدەچن درێژەیان کێشاوە و هەردوولا پێشبینی دەکەن لەم سەردانەدا، بگەنە رێککەوتن.

عەبدولحسێن ھینداوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "ھەندێک ناکۆکی ھەن و گفتوگۆکانیش بەردەوامن، بەڵام ھەردوولا نیازی چارەسەری کێشەکانیان ھەیە لەپێناو خەڵک و گەلی کورد و ھەموو گەلی عێراق، پرسەکان دیار و ئاشکران کە پرسی بودجە و نەوت تاوەکو ئێستا کێشەیان لەسەرە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای چارەسەرکردنین، من پێموایە نیەتێکی راستگۆیانە ھەیە لەنێوان ھەردوولا بۆ چارەسەری ئەو کێشانە".

لە چوار مانگی رابردوودا، شەش جار شاندی ھەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا. لە هەر سەردانێکدا ئامانجیان رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام بووە، بەڵام داوای زۆر و بگۆڕی بەغدا تاوەکو ئێستا رێگربووە لە رێککەوتنی هەردوو حکومەت
Top