ئەمریکا زیاتر لە 46 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە عێراق
33 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ هاریکاری تەندروستی و هاریکاریە مرۆییەکان
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، "ئەمریکا زیاتر لە 46 ملیۆن دۆلاری وەک هاریکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆڤید-19 پێشکەش بە عێراق کردوە و لەو بڕەش 33 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ هاریکاری تەندروستی و هاریکاریە مرۆییەکان، لە بەدەمەوەچونی کارەساتە نێودەوڵەتیەکان کە یارمەتیدەرن لە ئامادەکردنی تاقیگەکان بۆ دانانی پلانی فریاکەوتنی تایبەت بە تەندروستی گشتی لەو شوێنانەی مەترسی تەندروستی سەرهەڵدەدەن".
زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلاری لە چوارچێوەی هاریکاریەکانی تایبەت بە کۆچ و پەنابەراندا بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە لە دۆخی ناسک و ناجێگیردا دەژین
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو پاڵپشتیە داراییە زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلاری لە چوارچێوەی هاریکاریەکانی تایبەت بە کۆچ و پەنابەراندا بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە لە دۆخی ناسک و ناجێگیردا دەژین لە ماوەی بەربڵاوی ئەم پەتایەدا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تا ئێستا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا 134 هەزار و 722 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون و بەهۆیەوە پێنج هەزار و 17 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و 96 هەزار و 106 کەسیش ڤایرۆسەکەیان پەڕاندوە.
خەندان-