كەیسی تیرۆرکردنی هاشمی، بە ئاڵۆزی ماوەتەوە
بەڵام لێدوانێک لە گوتەبێژی حکومەتەکەی کازمییەوە، کە لەدوای تیرۆرکردنی هاشمی سەردانی ماڵەکەی کرد و لەلای منداڵەکانییەوە بەڵێنی دا بکوژانی هاشمی بە سزابگەیەنێت، دوای نزیکەی مانگێک لە کوژرانی هاشمی باسوخواسی لەبارەی کەیسەکەوە زیندووکردەوە.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی دوێنێ لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند کەیسی تیرۆرکردنی هاشمی "ئاڵۆزە و سەرەداوەکانی تێکهەڵکێشن".
ئەو وەڵامەش شەقامی عێراقی، هاوڕێ و دۆستانی رازی ناکات، کە چاوەڕێن بەڵێنەکان بهێنرێنەدی، ئەگەر بە دادگاییکردنی یەک کەسیش بێت لەوانەی لەم دواییەدا لە عێراق دەستیان لە تیرۆرکردنی چالاکوانان، رفاندنی خۆپێشاندەران و رۆژنامەڤاناندا هەبووە.
تیرۆرکردنی ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە بووە سەرهەڵدانی ترسێک لەوەی عێراق بچێتە نێو قۆناغێکی دیکەی تاریک و پڕ لە تووندوتیژی، لەکاتێکدا ناکۆکیی نێوان گرووپەکانی سەر بە ئێران و حکومەت پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران.
هیشام هاشمی ئێوارەی رۆژی دووشەممە (6-7-2020) لە تەمەنی 47 ساڵیدا لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا، ساتی کوشتنیشی لە کامێرای چاودێری تۆمارکراوە، کە تێیدا دوو کەسی چەکدار دەردەکەون و بە گوللـە دەیکوژن.
لەکاتێکدا ئەوانەی هاشمیان کوشت هێشتا ئازادن، شرڤەکاران پێیان وایە ئەو تیرۆرکردنە ئاماژەیە بۆ گۆڕانێکی کارەساتبار لە تووندوتیژیی سیاسیی، کە لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە.
هاشمی تاوەکو لەژیاندا مابوو، بەردەوام پاڵپشیی لەوە دەکرد چاکسازییەکی راستەقینە لە سیستەمی سیاسیی عێراقیدا بکرێت و ئاماژەی بەوە دەدا حکومەت بووەتە سەربازگەی ئێرانی.
بکوژانی نەناسراو
لەماوەی خۆپیشاندانەکاندا کە نزیکەی شەش مانگ بەردەوام بوون، دەیان چالاکوان لەبەردەم ماڵەکانیان بەدەستی چەکداری نەناسراو کوژران، بەشی زۆری بکوژەکان بە سواری ماتۆرسکیلەوە بوون، بەڵام حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەو بکوژانە ئاشکرا بکات.
ماڵپەڕی عەرەبییە دەڵێ "لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، گرووپەکانی سەر بە ئێران لیستێکییان بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشەی کوشتنیان لە هاشمی و 13 کەسی دیکە کرد"، هاشمی و ئەوانی دیکە تۆمەتبار دەکران بەوەی "بەکرێگیراو"، "خیانەتکار لە نیشتمان" و "پاڵپشتی لە ئیسرائیل و ئەمەریکا" دەکەن.
"کارێکی خۆکوژییە"
راستەوخۆ لەدوای کوژرانی هاشمی، کازمی فەرماندەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی لەکار لادا، کە تیرۆرکردنەکەی تێیدا ئەنجامدرا. ئەوکاتە ژمارەیەک چالاکوان کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کرد، گوتیان ئەوانیش دەترسن بکرێنە ئامانج، چونکە بە ئاشکرا لەدژی گرووپەکانی سەر بە ئێران قسەیان کردووە.
عومەر محەمەد، مێژوونووسە و تاوانەکانی داعشی لە موسڵ تۆمارکردووە، بە عەرەبییەی گوتووە "دەکرا بەئامانجکردنەکە هەریەکێکمان بێت، هاوڕێیانمان ئاگادارکراونەتەوە یەکسەر وڵات جێبێڵن"... هەروەها دەڵێ "ئەگەر کازمی هەنگاوێکی بەهێز نەنێت، ئەوا ژیانی مەدەنی لە عێراق وندەبێت، بەڵام ترسم هەیە ئەوە ناکات، چونکە ئەمە کاریکی خۆکوژییە".
K24