راوێژکارێکی کازمی: بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەخت پەیوەستە بە چەند پێشمەرجێک
پەلەکردنی پەرلەمان لە تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانە
عەبدولحسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن لە لێدوانێکدا رایگەیاند، حکومەت کاتێکی گونجاوی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان دیاریکردوە کە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوە، بەڵام پێویستە بەر لەو وادەیە ژمارەیەک پێشمەرج بێنەدی وەک دەرچواندنی یاسای هەڵبژاردنەکان، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەباری دۆخی ئەمنی و پەیوەندییەکی پتەوی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان، تیمی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن، چونکە کاریگەریان لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا هەیە.
لە مانگی ئەیلولەوە تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتو تۆماری دەنگدەران لەسەر بنەمای بایۆمەتری ئامادە دەکەن
ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت بەڵێنیداوە هەمو پشتیوانی و کارئاسانییەک بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکات، وەک کۆمسیۆنیش باسی کردوە لە مانگی ئەیلولەوە تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتو تۆماری دەنگدەران لەسەر بنەمای بایۆمەتری ئامادە دەکەن، بە گوێرەی لیستی نوێی هەڵبژاردنیش عێراق لە 18 بازنەوە بۆ سەدان بازنەی هەڵبژاردن دابەشدەکرێت (پێشنیاز کراوە بۆ هەر قەزایەک کە 100 هەزار دەنگدەری هەبێت، کورسییەکی بۆ دابینبکرێت).
باسنيوز