راوێژكارێكی كازمی: تێوه‌گلاوان له‌ توندوتیژی دژ به‌ خۆپیشانده‌ران ئاشكرا ده‌كه‌ین

راوێژكارێكی كازمی: تێوه‌گلاوان له‌ توندوتیژی دژ به‌ خۆپیشانده‌ران ئاشكرا ده‌كه‌ین
هشام داود، راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، حكومه‌ت ناوی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ تێوه‌گلاون له‌ كوشتنی خۆپیشانده‌ران و چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین.

له‌ كۆنفرانسێكی میدیاییدا، هشام داود، گوتی: حكومه‌ت سه‌رجه‌م قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كان، به‌ "شه‌هید" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و دامه‌زراوه‌ی "شه‌هیدان" راسپێردراوه‌، به‌ گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسییه‌كانیان بكات.

گوتیشی: حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ گه‌یشتن به‌ راستییه‌كان پێكهێناوه‌ و سه‌رقاڵی به‌دواداچوونی ورده‌كاری ئه‌و رووداوانه‌یه‌، كه‌ بوونه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی خۆپیشانده‌ر، له‌ ئه‌نجامی توندوتیژییه‌كاندا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "خۆپیشانده‌ران رووبه‌ڕووی توندوتیژییه‌كی بێ پاساو بوونه‌ته‌وه‌. دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان، ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ئاشكرا ده‌كرێن، كه‌ تێوه‌گلاون له‌و توندوتیژیانه‌".

روونیكرده‌وه‌، له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌ تا ئێستا ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌ ئاكامی توندوتیژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ ریزی خۆپیشانده‌راندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی‌ 500 شه‌هید.

له‌ كۆتایی وته‌كانیدا هشام داود، ئاماژه‌ی دا، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت سنوورێك بۆ دیارده‌ی رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی چالاكوانان و خۆپیشانده‌ران دابنێت و به‌رپرسانی ئه‌و تاوانانه‌ رووبه‌ڕووی یاسا بكاته‌وه‌.


به‌ره‌به‌یانی رۆژی (27ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2020) دوو خۆپیشانده‌ر به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كانیان له‌ به‌غدا گیانیان له‌ده‌ستدا. ئه‌و دوو خۆپیشانده‌ره‌، له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر، رووبه‌ڕووی زه‌بروزه‌نگ ببونه‌وه‌.

له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی حكومه‌تی مسته‌فا كازمی، له‌ مانگی ئایاری رابردووه‌وه‌، شه‌وی 27ی ئه‌م مانگه‌ یه‌كه‌مجار‌ بوو هاووڵاتیانی ناڕازی له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر كۆببنه‌وه‌ و خۆپیشاندان بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدابوو، یه‌كێكیان بۆمبی فرمێسكڕێژ به‌ر سه‌ری كه‌وتبوو، دووه‌میان به‌ر گه‌ردنی كه‌وتبوو.

نه‌بوونی كاره‌با، له‌ وه‌رزی تاقه‌تپڕوكێنی گه‌رمای به‌غدا و شاره‌كانی باشووری عێراق، جارێكی دیكه‌ هاووڵاتیانی ناڕازی هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیانپێكردووه‌ته‌وه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ شاره‌كانی باشووری عێراق، سه‌دان هاووڵاتی بۆ باشتركردنی ره‌وشی كاره‌با گردبوونه‌وه. سه‌دان خۆپیشانده‌ریش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بینای پارێزگای ناسرییه‌ و بینای فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای شاره‌كه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتن.

له‌ پارێزگای بابل(حله‌) سه‌دان خۆپیشانده‌ر داوایانكرد، پارێزگاری شاره‌كه‌یان ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان داخست.


ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ عێراقدا، خۆپیشاندان بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی دۆخی خراپی كاره‌با بووه‌ته‌ باو و هه‌موو هاوینێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی به‌غدا نه‌یانتوانیوه‌ كاره‌با بۆ هاووڵاتیان وه‌ك پێویست دابین بكه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019دا، خۆپیشاندانی فراوان له‌ عێراق ده‌ستیانپێكرد و هاووڵاتیان داوای ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و باشتركردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیانیان ده‌كرد.

خۆپیشاندانه‌كان چه‌ند مانگێك به‌رده‌وام بوون و له‌ ئاكامی توندوتیژیی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا 500 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 30 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون و ده‌یان چالاكوانی خۆپیشاندانه‌كانیش رفێنران.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی، له‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ به‌ڵێنی دا، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی كوشتنی خۆپیشانده‌ران بكات و به‌دواداچوون بۆ توندوتیژی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكات.

له‌ ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كاندا، رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی عێراق ئاشكرایانكرد، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆمبی فرمێسكڕێژی سه‌ربازییان دژی خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌، كه‌ كێشی ده‌ هێنده‌ی ئه‌و جۆره‌یه‌ له‌ وڵاتانی جیهان بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران به‌كار ده‌هێنرێت.

چالاكوانان و رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كان ده‌ڵێن: حكومه‌تی مسته‌فا كازمی شوێنپێی رێبازی داپڵۆسین و سه‌ركوتی خۆپیشانده‌ران كه‌وتووه‌ و هاوشێوه‌ی كابینه‌كانی پێشووی ره‌فتار له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران ده‌كات.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌یه‌كی كێشراوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ ده‌ستی خوێناوییه‌وه‌، بۆمبی فرمێسكڕێژ ده‌داته‌ مسته‌فا كازمی.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشاره‌كان، ده‌یان خۆپیشانده‌ر له‌ خه‌یمه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌ و گۆڕه‌پانی ته‌حریریان به‌جێ نه‌هێشتووه‌.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرۆسه‌ی سه‌ركوتی خۆپیشانده‌رانی ئیدانه‌ كرد. له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئیدانه‌ی كرده‌وه‌كانی توندوتیژی و زیانگه‌یاندنی مرۆیی به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین، كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ میانی بڵاوه‌پێكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌غدا روویدا و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوانه‌ بكات و به‌رپرسیارانی ئه‌و كرده‌وانه‌ به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌نێت.













k24
Top