لە ساڵی 2019 سەتان ژن و منداڵ لە عێراق بازرگانییان پێوەکراوە
سەرەڕای بوونی یاسای پێویست بۆ سزادانی ئەوانەی کە بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن، بەڵام حکومەتی عێراق زۆر رەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی ئەوەی رێکاری پێویست ناگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سزادانی تاوانکاران.
بەپێی یەکەی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 2019دا لە 356 کەیسی بازرگانیکردن بە مرۆڤی کۆڵیوەتەوە، تاوانەکان بریتین لە لەشفرۆشیکردن بە ژنان، کاری زۆرەملێ، بازرگانیکردن بە منداڵ و سواڵکردنی زۆرەملێ.
لەو چوارچێوەیەدا 426 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکراون، قوربانییەکانیش بریتین لە 148 قوربانیی بازرگانی بۆ سێکس و کاری زۆرەملێ و سواڵکردنی زۆرەملێ، 105 لە تۆمەتبارەکان دادگاییکراون و 117یان ئازادکراون و 43یان بە کەفالەت ئازادکراون، لە کۆتاییدا 53 لە تۆمەتبارەکان سزایان بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق، هەركەسێك ئەو تاوانە ئەنجامبدات سزاكەی 15 ساڵ زیندانیكردن و 10 ملیۆن دینار سزای دارایی دەبێت، ئەگەر تاوانەكە بەرامبەر ژن یان هەرزەکارێک بکرێت، سزای زیندانی هەتاهەتایی و 25 ملیۆن دیناری عێراقیش سزای دارایی دەدرێت.
بەڵام حکومەتی عێراق لەسەر سزانەدانی بەرپرسانی ئەنجامدەری گێچەڵی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و نەپاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، رەخنەی لێدەگیرێت.
ئەندامێكی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت، لەگەڵ پەیدابوونی داعش ئەو تاوانانە زیادیانكرد، چونكە بازرگانیكردنی بە مرۆڤی بۆ كۆكردنەوەی داهات بەكارهێنا؛ تاوەكو ئێستاش حكومەتی عێراق بەرنامەیەكی دروستی نییە بۆ نەهێشتنیان.
عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق راگەیاند "بازرگانیكردن بە مرۆڤ، فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، بازرگانیكردن بە منداڵان، ژنان، كرێكاران، چەكداركردنی هەرزەكاران، بازرگانیكردن بە سێكس دەگرێتەوە. یاساكانی عێراق لەئاست پێویستدا نین و بەپێی پێوەرەكانی مافەكانی مرۆڤ نین".
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نەبوونی یاسای گونجاو و ویستی راستەقینە لە عێراقدا وایکردووە زۆرجار قوربانیان دەستنیشان نەکرێن و ئەنجامدەرانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش سزانەدرێن.
رووداو