کازمی: بەمزووانە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت رادەگەیێنین

کازمی: بەمزووانە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت رادەگەیێنین
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان مژاری گەرمی گۆڕەپانی سیاسییە لە عێراق، هاوپەیمانێتییەکانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و چەند لایەنێکی دیکە داوای دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی دەکەن، لایەنە سیاسییەکانیش ناکۆکن لەسەر یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، بەمزووانە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان رادەگەیێنن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا یاساکە بە فەرمی لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاونەکراوەتەوە.

مەیادە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، یاساکە کێشە و کەموکوڕیی تێدایە، لایەنەکان لەبارەی دابەشکردنی بازنەی هەڵبژاردن ناکۆکن، "بە فرە بازنەیی دەنگێکی زۆر بەفیڕۆ دەڕوات، کێشە بۆ کۆتای ژنان دروست دەبێت، هەموو قەزایەک نوێنەری نابێت، کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان دەنگ و کورسی لەدەستدەدات، رەنگە قەزایەکی زۆرینە کورد تێکەڵبکرێت بە قەزایەکی عەرەبی، بۆیە پارتی و زۆربەی لایەنە عێراقییەکان جگە لە سائیروون نەبێت، پشتیوانی لەوە دەکەن یاساکە بگەڕێتەوە پەرلەمان و هەمواربکرێتەوە".

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری دووەم هێزی براوەی هەڵبژاردن لەگەڵ ئەوەیە کە هەر پارێزگایەک بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، نەک فرەبازنەیی، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن هاوپەیمانیی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە، رەتدەکرێتەوە و پشتیوانی لە فرەبازنەیی دەکات.

ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت راگەیاند، پشتیوانی لە داواکارییەکانی جەماوەر دەکەن، "بۆیە فرەبازنەیی یەکێکە لە داواکاریی جەماوەر و پشتیوانیی دەکەین. ئەوانەشی فرەبازنەیی رەتدەکەنەوە لە بنکەی جەماوەری خۆیان دەترسن لە هەندێک ناوچە و یارییەکی سیاسی دەکەن، دەیانەوێت یاساکە دوابکەوێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەمنزیکانە نەکرێت، کە دەبێت ساڵی 2021 ئەو هەڵبژاردنە بکرێت".

رۆژی سێشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2019 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسندکرد، بەشێوەیەک هەڵبژاردن لە ئاستی پارێزگاکان فرەبازنەیی دەبێت، ئەوکات کورد بایکۆتی دەنگدانەکەی کرد، وێڕای ئەوەی زیاتر لە حەوت مانگ تێپەڕیوە کەچی هێشتا لایەنەکان لەبارەی دابەشکردنی بازنەی هەڵبژاردنەکان کە هاوپێچە بۆ یاساکە، ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆیە هەوڵێک هەیە بۆئەوەی یاساکە هەمواربکرێتەوە.












رووداو
Top