عێراق هەڕەشەی گەڕاندنەوەی خاڵە گومرگییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2019 بڕیاری بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
بە گوتەی عومەر وائیلی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو بابەتە پلانی هەیە و دەستیکردووە بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، دواتریش دێنەسەر دۆسیەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و لە رۆژانی داهاتووشدا دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت و هیوادارن بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی، "ئەگەرنا بژاردەی دیکەمان لەبەردەستە لەوانە گەڕانەوەی خاڵە گومرگییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا".
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە بابەتی رێکاری کشتوکاڵی یەکگرتووە [لە دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان] بەو پێیەی ئەو کاڵا و بەرهەمانەی لە دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵی قەدەخە دەکرێن، بە هەمان شێوەش لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێن، هەروەها جێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی یەکگرتوو کە وادەکات بازرگان بتوانێت لە هەموو دەروازەکان یەک باج بدات و جیاوازی نەبێت".
رووداو