20 خۆپیشاندەر لە نەجەف بریندار بوون

20 خۆپیشاندەر لە نەجەف بریندار بوون
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 20 خۆپیشاندەر لە پارێزگای نەجەف لەلایەن هێزە ئاسایشییەكانی عێراقەوە بریندار كران.

خۆپیشاندانەكانی هاووڵاتییانی ناڕازی عێراق لە دژی حكوومەتی وڵاتەكەیان بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و تەزووی كارەبا بەردەوامە و چەندین شاری ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە.

ئەم ئێوارەیەش كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق برینداربوونی 20 خۆپیشاندەری لە نەجەف راگەیاند، كە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە بە توندی پەلامار دراون.

كۆمسیۆنەكە دەشڵێ خۆپیشاندانەكە ئاشتیخوازانە بووە و هاووڵاتییان تەنها داوای مافەكانیان كردووە لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان و تەزووی كارەبا.

لەلایەكی ترەوە هێزە ئاسایشییەكانی عێراق خۆپیشاندەرانیان بە هێرشكردنە سەر دیوانی پارێزگای نەجەف و ماڵی لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف تۆمەتبار كردووە، گوایە بەم هۆیەوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.












باسنيوز



Top