كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ: شەوی ڕابردوو سێ خۆپیشاندەر لە بەغدا كوژراون
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی كۆمسیۆنەكە، لە ئەنجامی پێدادانەكانی دوێنێی نێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و خۆپیشاندەرانی بەغدا، سێ خۆپیشاندەر كوژراون و ٢١یش بریندار بوون كە ژیانی بەشێك لە بریندارەكان لە مەترسیدایە و گوللەی زیندوو و ساچمە بەكار هێندراوە.
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بەكارهێنانی توندوتیژی و كۆتوبەندكردنی ئازادیی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی شەرمەزار كردووە و ئەم داواكارییانەی لە حكوومەتی عێراق كردووە:
- پەلەكردن لە راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و پێشكەشكردنی تاوانباران و ئەوانەی فەرمانیان پێكردوون بە دادگا.
- هێزە ئەمنییەكانی عێراق توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەكار نەهێنن و ئەم كارانە بە پێشێلكاریی ڕوونی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا بەركارەكان دانراوە.
- داوا لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەموو هەوڵێك بدەن و دان بە خۆدا بگرن و لە هەر پێكدادانێك دوور بكەونەوە.
جەختیش كراوەتەوە كە كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ سەرجەم ڕووداوەكان بە دۆكیۆمێنت دەكات و پێشوازیش لە سكاڵا و هەواڵدانەكان دەكات بە مەبەستی گەیاندنی بە داواكاری گشتی و دادگای مافەكانی مرۆڤ بەپێی دەسەڵاتی كۆمسیۆن.
خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند ڕۆژەی رابردووی عێراق بەهۆی خراپیی كارەبا و نەبوون و كەمیی خزمەتگوزارییەكان سەریهەڵداوە و خۆپیشاندەران لەوە بێهیوابوون حكوومەتی كازمی جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ حكوومەتەكانی پێش خۆی هەبێت.
باسنيوز