هەوڵی خانەنشینكردنی چەكدارێكی داعش دەدرێت و دەستەی نەزاهە پێی دەزانێت
بە پێی ڕاگەیاندراوێكی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەر بە دەستەكە، میلاكاتی نووسینگەكە لە پارێزگای ئەنبار توانیویانە مامەڵەیەكی تایبەت بە قەرەبووكردنەوە و خەرجكردنی مووچەی خانەنشینیی چەكدارێكی داعش بدۆزنەوە و رای بگرن.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە ئەوان لە ڕێگەی لێژنەی قەرەبووكردنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و لقی ئەنباری دەستەی خانەنشینی نیشتمانییەوە، هەوڵی بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە دەدەن.
هەرچەندە لەم ڕاگەیاندراوەدا ئەوە ڕوون نەكراوەتەوە ئاخۆ جگە لە خانەنشینییەكە، هەوڵدراوە چەكدارەكەی داعش لە بەرامبەر چی قەرەبوو بكرێتەوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ تا كۆتایی ٢٠١٧، زۆربەی ناوچە سوننەنشینەكانی ڕۆژئاوا و باكووری ڕۆژئاوای عێراق لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بوون و چەكدارەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە تاوانێكی زۆریان لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد.
باسنيوز