پەرلەمانتارێكی عێراق: حكوومەتی كازمی لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر بەرپرسیارە
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، حكوومەتی وڵاتەكەی بە سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق تۆمەتبار كرد.
نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، حكوومەتی عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات، لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و شەهیدكردنی دوو خۆپیشاندەر، بەرپرسیارە، چونكە پێكدادانەكە لە نێوان خۆپیشاندار و ئەو دامودەزگا ئەمنییانە ڕووی داوە كە ئەركی پاراستنی ناوچەكەیان پێ سپێردراوە.
جەختیشی كردەوە كە تۆمەتباركردنی هێزی دەرەوەی یاسا لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە قەبوڵكراو و جێی باوەڕ نییە.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە كە حكوومەتی كازمی فەرمانی بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران داوە، هەروەك چۆن حكوومەتەكانی پێشووی عێراق كردوویانە.
قسەكانی پەرلەمانتارەكە دوای ئەوە هات كە شەوی ڕابردوو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوە و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا ڕووی دا، لە ئەنجامدا دوو خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا.
باسنیوز