حکومەتێکی بێ راوێژکار؛ کەسانی نزیک لە کازمی لە ترسی میلیشیاکان رادەکەن

حکومەتێکی بێ راوێژکار؛ کەسانی نزیک لە کازمی لە ترسی میلیشیاکان رادەکەن
دوای کوژرانی هیشام هاشمی، نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی و راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، زۆربەی بەرپرس، راوێژکار و کەسانی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، هەستیان بە ترس کردووە، هەندێکیان خۆیان شاردووەتەوە و ئەوانی دیکەش بەغدایان بەجێهێشتووە. دەڵێن، کوشتنی هاشمی، "پەیامێک بوو کە هەموومان بیستمان".

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، مستەفا کازمی هەرچەندە دەیەوێت ئەنجامدەران و ئەو کەسانەش کە فەرمانی تیرۆرکردنەکەیان دەرکردووە بداتە دادگا، بەڵام راوێژکارێکی بێ ئەوەی بیەوێت ناوی بهێنرێت دەڵێت، کازمی "دەستی بەستراوە" و گەر بیەوێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات، دەبێت بزانێت کارێکی دژوارە و "بڤەیە بۆ هەر سەرۆکوەزیرانێک".

رۆژنامەکە دەڵێت، راوێژکار و هاوپەیمانەکانی کازمی دەڵێن، رەنگە بە تەنیا ئەو کەسەی تەقەی کردووە بدرێتە دادگا و حکومەت نەیەوێت پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە بکات کە فەرمانی کوشتنەکەیان دەرکردبێت، بەدیاریکراوی، لەبەرئەوەی گومان دەکرێت کەتائیبی حیزبوڵڵای سەر بە ئێران ئەو کارەی کردبێت.

هیشام هاشمی لە کەسە نزیکەکانی حکومەتی عێراق و مستەفا کازمی بوو، بەر لە تیرۆرکردنی چەند جارێک باسی لەو گرووپانەی سەر بە ئێران کردبوو کە بە تایبەت رۆکێتیان ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا دەکرد و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج. بە رای ئەو شرۆڤەکارە، ئەو گرووپانە لە دەرەوەی یاسا و لە دژی بەرژەوەندی عێراق چالاکی و جووڵانەوە دەکەن.

رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، لە پاش تیرۆری هاشمی، ئێستا هەموو راوێژکارە نزیکەکانی کازمی بیر لەوە دەکەنەوە ئاخۆ کەی سەرەی ئەوانیش دێت، هەندێکیان ئێستا ئیدی بۆ راگەیاندنەکان قسەناکەن و هەندێکیان بەغدایان بەجێهێشتووە و ئەوانەش کە لە دەرەوەی وڵاتن ئامادەنین بەم زووانە بگەڕێنەوە.

یەکێک لە راوێژکارەکانی کازمی باس لەوە دەکات "کوشتنی هاشمی پەیامێک بوو، هەموو کەسێکیش پەیامەکەیان بیست". دەشڵێت، "میلیشیاکان ئەو پەیامەیان گەیاند کە گرنگ نییە چەندە لە کەسانی بەرپرسەوە نزیکیت، چونکە میلیشیاکان هەمیشە دەتوانن دەستیان پێت بگات".

پاش سولەیمانی، حەشدی شەعبی دەبێتە میلیشیایەکی پەرتەوازە

لە سەرەتای ساڵی 2020 سوپای ئەمریکا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس و مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێکی ئاسمانی لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوشت، دوو کەس کە جڵەوی میلیشیا شیعەکانی عێراقیان بە دەستەوەبوو.

رێناد مەنسوور، شرۆڤەکار لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەیمانگەی شاهانەی بەریتانی، چاتەم هاوسی و هاوڕێی نزیکی هاشمی، بە واشنتن پۆستی گوتووە، لە رابردوو هاشمی دەیتوانی تەلەفۆن هەڵبگرێت و بە ئەبو مەهدی موهەندیس بڵێت، هەڕەشەی لەسەرە و دەکرا کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام پاش نەمانی موهەندیس، ئێستا ئیدی میلیشیاکان بەشێوازێکی دیکە و جیاواز چالاکی دەکەن.

ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەی قاسم سولەیمانی، بە گوتەی عەلی ئەلفونە، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی واشنتن، ئێستا بە تەنیا رێنمایی گشتی دەردەکات و بەو جۆرەش فەرماندە مەیدانییەکان دەسەڵاتی زیاتریان هەیە کە چۆن و بە چ شێوازێک جموجوڵی رۆژانە دەکەن. ئەو شرۆڤەکارە کە چاودێری چالاکییەکانی سوپای قودس دەکات دەڵێت، قائانی هێندە زیرەکە کە لاسایی قاسم سولەیمانی نەکاتەوە و بەم جۆرە پێویست ناکات لە تەواوی وردەکارییە مەیدانییەکان ئاگادار بێت.

لە ماوەی رابردوو و لە پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی، ژمارەیەک گرووپ بە ناوی نوێ و نەناسراو هەندێک هێرش لە ئەستۆ دەگرن، ئەمەش کاری چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنی ئەو گرووپانەی زیاتر دژوار کردووە، بەجۆرێک بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی گوتووە وەک ئەوە وایە بە شوێن "خێوێکدا بگەڕێین".













رووداو
Top