یه‌كه‌م خۆپیشاندانی سه‌رده‌می كازمی كوژرانی دوو خۆپیشانده‌ری لێكه‌وته‌وه‌

یه‌كه‌م خۆپیشاندانی سه‌رده‌می كازمی كوژرانی دوو خۆپیشانده‌ری لێكه‌وته‌وه‌
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دوو خۆپیشانده‌ر به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كانیان له‌ به‌غدا گیانیان له‌ده‌ستدا. ئه‌و دوو خۆپیشانده‌ره‌، شه‌وی رابردوو له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر، رووبه‌ڕووی زه‌بروزه‌نگ ببونه‌وه‌.

له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی حكومه‌تی مسته‌فا كازمی، له‌ مانگی ئایاری رابردووه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ هاووڵاتیانی ناڕازی له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر كۆده‌بنه‌وه‌ و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدابوو، یه‌كێكیان بۆمبی فرمێسكڕێژ به‌ر سه‌ری كه‌وتبوو، دووه‌میان به‌ر گه‌ردنی كه‌وتبوو.

خۆپیشانده‌ران ئه‌مڕۆ له‌ رێوڕه‌سمێكدا ته‌رمی قوربانییه‌كانیان به‌ خاك سپارد و داوای دادوه‌ریان بۆ تۆڵه‌ی خوێنی ئه‌و دوو خۆپیشانده‌ره‌ كرد.

نه‌بوونی كاره‌با، له‌ وه‌رزی تاقه‌تپڕوكێنی گه‌رمای به‌غدا و شاره‌كانی باشووری عێراق، جارێكی دیكه‌ هاووڵاتیانی ناڕازی هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیانپێكردووه‌ته‌وه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ شاره‌كانی باشووری عێراق، سه‌دان هاووڵاتی بۆ باشتركردنی ره‌وشی كاره‌با گردبوونه‌وه‌ و سه‌دان خۆپیشانده‌ریش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بینای پارێزگای ناسرییه‌ و بینای فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای شاره‌كه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتن.

له‌ پارێزگای بابل(حله‌) سه‌دان خۆپیشانده‌ر داوایانكرد، پارێزگاری شاره‌كه‌یان ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان داخست.

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ عێراقدا، خۆپیشاندان بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی دۆخی خراپی كاره‌با بووه‌ته‌ باو و هه‌موو هاوینێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی به‌غدا نه‌یانتوانیوه‌ كاره‌با بۆ هاووڵاتیان وه‌ك پێویست دابین بكه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری رابردوودا، خۆپیشاندانی فراوان له‌ عێراق ده‌ستیانپێكرد و هاووڵاتیان داوای ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و باشتركردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیانیان ده‌كرد.

خۆپیشاندانه‌كان چه‌ند مانگێك به‌رده‌وام بوون و له‌ ئاكامی توندوتیژیی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا 550 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 30 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون و ده‌یان چالاكوانی خۆپیشاندانه‌كانیش رفێنران.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی، له‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ به‌ڵێنی دا، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی كوشتنی خۆپیشانده‌ران بكات و به‌دواداچوون بۆ توندوتیژی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكات.

له‌ ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كاندا، رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی عێراق ئاشكرایانكرد، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆمبی فرمێسكڕێژی سه‌ربازییان دژی خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌، كه‌ كێشی ده‌ هێنده‌ی ئه‌و جۆره‌یه‌ له‌ وڵاتانی جیهان بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران به‌كار ده‌هێنرێت.

چالاكوانان و رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كان ده‌ڵێن: حكومه‌تی مسته‌فا كازمی شوێنپێی رێبازی داپڵۆسین و سه‌ركوتی خۆپیشانده‌ران كه‌وتووه‌ و هاوشێوه‌ی كابینه‌كانی پێشووی ره‌فتار له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران ده‌كات.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌یه‌كی كێشراوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ ده‌ستی خوێناوییه‌وه‌، بۆمبی فرمێسكڕێژ ده‌داته‌ مسته‌فا كازمی.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشاره‌كان، ده‌یان خۆپیشانده‌ر له‌ خه‌یمه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌ و گۆڕه‌پانی ته‌حریریان به‌جێ نه‌هێشتووه‌.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرۆسه‌ی سه‌ركوتی خۆپیشانده‌رانی ئیدانه‌ كرد. له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئیدانه‌ی كرده‌وه‌كانی توندوتیژی و زیانگه‌یاندنی مرۆیی به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین، كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ میانی بڵاوه‌پێكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌غدا روویدا و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوانه‌ بكات و به‌رپرسیارانی ئه‌و كرده‌وانه‌ به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌نێت.













K24
Top