پلەی گەرما لە بەغدا سەروو 50 پلەیە و "نە ئاو هەیە و نە کارەبا"

پلەی گەرما لە بەغدا سەروو 50 پلەیە و
لە بەغدای پایتەختی عێراق سەرەڕای گەرمبوونی بازاڕی سەهۆڵ، رەنگە ئێستا خۆشترین کاریش دروستکردنی سەهۆڵەکە بێت، چونکە پلەی گەرما زۆر بەزربووەتەوە. سەرەڕای گەرما پڕووکێنەرەکە، لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، گرفتی ئاو و کارەباش هەن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا دەڵێت "پلەی گەرما زۆر بەرزە، نزیکەی 50 بۆ سەرەوەیە، ئێمە لێرە لەم بازاڕە کاردەکەین ناچارین لێرە بەم ئاوە خۆمان فێنکبکەینەوە، کاتێکیش دەچینەوە ماڵەوە، نە ئاو هەیە نە کارەبا، ئەمە حاڵی عێراقە".

ئەم شەپۆلەی گەرما هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، هۆکارەکەی دروستبوونی نزمە پاڵەپەستۆی هیندییە، کە لە هیندستان بارانێکی زۆر دەبارێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە کوردستان و ناوچەکە.

ئەژی چەتۆ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرزترین پلەی گەرما ئەمڕۆ لە هەولێر 44 پلەی سیلیزی بووە، لە سلێمانی 43، دهۆک 43 و کەرکووک 47 پلەی سیلیزی؛ چۆمان فێنکترین ناوچە بووە کە پلەی گەرما تێیدا 37 پلەی سیلیزی بووە. پێشبینیش دەکرێت پلەی گەرما لە هەولێر بۆ 46، لە سلێمانی بۆ 44، دهۆک 45، کەرکووک و ناوچەی گەرمیان بۆ 47 پلەی سیلیزی بەرزببێتەوە، لە کەلار و خانەقین ئەگەری هەیە پلەی گەرما تاوەکو 50 بۆ 52 پلەی سیلیزی بەرزببێتەوە.

ئەمە دووەمین شەپۆلی گەرمایە لە هاوینی ئەمساڵدا عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەگوێرەی ماڵپەری Eldorado Weather کە تایبەتە بە کەشوهەوای جیهان، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا دوو ناوچەی پارێزگای بەسرەی عێراق گەرمترین ناوچەی جیهان بوون کە 51.8 پلەی سیلیزی تێدا تۆمارکراوە.












رووداو
Top