ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق: داعش بەنیازە لە جەژنی قوربان کردەوەی تیرۆریستی بکات
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگەیاند "هێشتا شانە نووستووەكان و پاشماوەی چەكدارانی داعش لە دیالە ماون. ئەمڕۆ لە سێ قۆڵەوە بەشی سێیەمی قۆناخی چوارەمی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەبتاڵی عێراق دەستیپێکرد؛ ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكان لەناوبردنی داعشە لەو ناوچانە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بەپێی پلانێكی سەربازی، هێزەكانی بەسەر چەند قۆڵێکدا دابەشكردووە، کە بەمشێوەیە:
ـ هێزەكانی فەرماندەیی هێزە وشكانییەكان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی رووباری دیالەن، بەتایبەتی ناوچەكانی باكووری خانەقین.
ـ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە رووباری ئەڵوەند و ناوچەكانی دەوروبەرین.
ـ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەلاحەددین و ئۆپەراسیۆنەكانی سامەڕا هێڵی بەرپەرچدانەوەیان بە ئاراستەی حاوی عوزێم گرتووەتەدەست.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەشڵێت "سەرەڕای پەیوەندی و كاری هاوبەش و گفتوگۆی بەردەوام، هاوئاهەنگیی باش لەنێوان سوپا و پێشمەرگەدا هەیە". لیوا تەحسین ئاماژە بەوە دەکات "بەپێی زانیارییەكان، پاشماوەكانی داعش بەنیازن لە رۆژانی جەژنی قوربان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن".
هاوكات لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە توویتێكدا رایگەیاند "لەپێناو بەدیهێنانی كەشێكی پارێزراو بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكانی دیالە، ئەمڕۆ یەكشەممە هێزە ئەمنییەكان لە سێ قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی فراوانیان دەستپێكرد".
بە ئامانجی لەناوبردنی شانە و چەكدارانی داعش، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان قۆناخی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی ئەبتاڵی عێراقی دەستپێكرد، بەشی یەكەم لە 11 تاوەكو 13ی تەممووز، بەشی دووەم لە 15 تاوەكو 23ی تەممووز، یەكشەممەش 26ی تەممووز لە چوار قۆڵەوە بەشی سێیەمی قۆناخی چوارەمی ئۆپەراسیۆنەكەی دەستپێكرد.
رووداو