لە نەخۆشخانەکانی بەغدا ئۆکسجین کەمبووەتەوە ... هەندێک کەس دەیکڕن
زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەغدا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمی و گرانیی ئۆکسجین بۆ تووشبووان.
گرانیی نرخ لە کارگە ئەھلییەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین کارگە حکومییەکانی قەرەباڵخ کردووە. لە کارگە ئەھلییەکان ھەر بوتڵێک بە 50 ھەزار دینار پڕدەکرێتەوە، بەڵام لە کارگە حکومییەکان بە پێنج ھەزار دینار.
موھەنەد باوکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە. نەمانی جێگا لە نەخۆشخانەکان ناچاریکردووە لە ماڵەوە کەرەنتینی بکات. ھەموو رۆژێک بۆ پڕکردنەوەی دوو بتڵ لە ئەبوغرێبەوە دەچێتە کارگەی حکومیی ئۆکسجین.
موھەنەت ئەحمەد، شۆفێری تەکسییە و دەڵێت، "ئەمە بۆ باوکم دەبەم، لە ماڵەوەیە. لەم کارگەیە بە پێنج ھەزار دینار پڕی دەکەینەوە. ئەگەر لەسەر پلەی 10 دایبنێین بەشی شەش کاژێر دەکات، ئەگەر لەسەر پلەی پێنج یان کەمتر دایبنێین بەشی زیاتر لە هەشت کاژێر دەکات.
کارگەی بەرھەمھێنانی ئۆکسجین لە بەغدا ساڵی 1981 دامەزراوە. لەکاتی دروستکردنیدا توانای بەرھەمھێنانی نزیکەی پێنج ھەزار لیتر ئۆکسجینی ھەبووە، بەڵام نۆژەننەکردنەوە و لەکارکەوتنی بەشێکی کارگەکە بووەتە مایەی ئەوەی ئێستا تەنیا توانای دوو ھەزار لیتری ھەبێت. رۆژانە جگە لە نەخۆشخانەکان نزیکەی 500 بوتڵی ئۆکسجین بۆ ھاووڵاتییانیش پڕدەکەنەوە.
غەزوان کەمال جەمیل، بەڕێوبەری کارگەی ئۆکسجینی بەغدا راگەیاند، "خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە تاکە کارگەین لە بەغدا بوتڵی ئۆکسجینی ھاووڵاتییان پڕدەکەینەوە، بەڵام توانای وەبەرھێنان ئێستا نیوەی ئەو توانایەی پێشترە. وەک دەزانن کە کێشەی هونەریمان ھەیە و تەمەنی بەشێک لە یەکەکان کۆتایی ھاتووە".
کێشەی کەمی و نەبوونی ئۆکسجین تەنیا بۆ ئەو تووشبووانە نییە کە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکانن، بەڵکو زۆربەی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەغدا گرفتی کەمیی ئۆکسجینیان هەیە، چونکە رۆژبەرۆژ ژمارەی تووشبووان هەڵدەکشێت.
دکتۆر سالم مەزھەر حسێن، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی کیندی راگەیاند، "ئەم ماددەیە زۆر گرنگە، چونکە کاریگەرە. بەداخەوە ئەگەر نەبێت، لەسەر تووشبووان دەبێتە ھەڕەشە، چونکە گرنگترین شت کە بە نەخۆشی دەدەین ئۆکسجینە لەگەڵ چارەسەری دیکە. ھیوادارین گرفتی ئۆکسجین لە وڵات چارەسەر ببێت، بەلایەنی کەمەوە لەم بابەتە دڵنیابینەوە و کێشەمان نەبێت".
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا 107 هەزار و 573 کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 73 هەزار و 317 کەس چاکبوونەتەوە و چوار هەزار و 284 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رووداو