بەبێ رێکەوتنی لایەنەکان ئەستەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بكرێت

بەبێ رێکەوتنی لایەنەکان ئەستەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بكرێت
چاودێران پێیانوایە ئەگەر ئیرادەی لایەنە سەرەكییەكانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هەبێت، ئەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەستەم نابێت، بەڵام بەبێ رێکەوتنی لایەنەکان و بەرچاوڕوونی لەسەر ماددە و بڕگەکانی یاسای هەڵبژاردنەکان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئاسان نییە.

د. دیندار نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەدار رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دۆخی ئێستای عێراق زەحمەت نابێت ئەگەر رێکكەوتنی لایەنەکان هەبێت، بەڵام ”وەکو ئەوەی ئێستا باس کراوە، بەهۆی نەبوونی توانای ئابووری و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بە زەحمەت دەزاندرێت“.

ڕوونیشی كردەوە: ”ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون و پارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت و بەرچاوڕوونی لەسەر یاسایی هەڵبژاردنەکان هەبێت کە شێوەی بازنەکان چۆنە، ئەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە لەم قۆناغەی ئێستای عێراق ئەستەم نییە، بەڵام ئەستەمی رەنگە بەهۆی بوونی لەمپەرەکانەوە بێت”.

ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێ، ”ئەو ماوەیەی بۆ کابینەکەی مستەفا کازمی پێشتر دیاریكراوە و رێكکەوتنی لەسەر کراوە، بەسەر دەچێت، بەوەش عێراق دەکەوێتەوە دۆخێکەوە کە باش نابێت“.

پێشتر خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی رایگەیاند، بە کردەیی هیچ هەنگاوێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق نەنراوە. ڕوونیشی كردەوە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێ یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق، لە بابەتی فرەبازنەیی و زیادکردنی بازنەکان، یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە ئێستا ئەستەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ئاماژەکردن بەوەی بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان تەواوکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە عێراق بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان راوەستاوە، رایگەیاند، ستافی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش لە عێراق، بە تەواوی دیاری نەکراون.

خەسرۆ گۆران پێیوایە هەرکاتێک بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدرێ، ئەوا کۆمسیۆن چەند مانگێکی پێویستە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە. جەختیشی كردەوە، پارتی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەو یاسایەی ئێستای هەڵبژاردن رازی نابێت و کورد دەیەوێ هەموو عێراق یەک بازنە بێت، بۆ ئەوەی دەنگەکانی نەسووتێت.












باسنیوز



Top