هاوپەیمانییەکەی حەکیم هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیاند

هاوپەیمانییەکەی حەکیم هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیاند
هاوپەیمانیی عێراقییون، کە عەمار حەکیم رێبەرایەتی دەکات، هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، راگەیاند.

هیشام سوهێل، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندووە، بەپێی یاسای ئێستای هەڵبژاردن، ئەستەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، بکرێت.

هیشام سوهێل هەروەها رایگەیاندووە، هاوپەیمانیی عێراقییون لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

سەرۆکی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەگەڵ کوتلەکانی دیکەی پەرلەمان کار دەکەن بح لابردنی ئاستەنگە هونەرییەکان لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە.

دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، عەمار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمە هاوپەیمانییەکی پەرلەمانی بۆ پشتگیریکرنی حکوومەتی کازمی، پێکهێنا.

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، جگە لە دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون.











باسنيوز




Top