سوپای عێراق دوو دەروازەی دیکەی سنووری کۆنترۆڵ دەکاتەوە
محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، ئەو دەروازانە لە ژێر دەستی لایەنی سیاسی، میلیشایی و کەسانی دەستڕۆیشتوون و پەرلەمانی عێراق گوشاری خستوووەتە سەر مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
بە گوتەی فارس محەمەد ئەمین، بەشێک لە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی مستەفا کازمی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو میلیشیایانەیە لە دەروازەکان، جگە لە دوورخستنەوەیان لە پۆستە ئەمنیەکان.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-7-2020، بەفەرمانی راستەوخۆی مستەفا کازمی، بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووری دراوە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەسرە راسپێردراوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازەی شەلامجە لەسەر سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و دەروازەی سەفوان لەسەر سنووری کوێت.
پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن گرووپ و میلیشیا چەکدارییە تائیفی و حزبییەکانی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتەکانیان بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە دەچێت.
باسنيوز