نووسینگەی عەبدولمەهدی: ئێران بە زارەکی لە دەستپێکردنی مووشەکبارانەکە ئاگاداری کردینەوە

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە کەمێک لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٨ی ١ی ٢٠٢٠ نامەیەکی زارەکییان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەوەی ”وەڵامی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی پاش کەمێکی دیکە دەست پێ دەکات“. ئەوەشیان پێگوتووە کە لێدانەکە لە چەند شوێنێکی سنووردارە کە سوپای ئەمریکا لە عێراق تێیدا بوونیان هەیە، ”بەبێ ئەوەی پێگەکان دیاری بکەن“.
عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە داوە کە “ڕێک لە هەمان کاتدا”، لایەنی ئەمریکیش پەیوەندییان پێوە کردووە، مووشەکەکانیش لە بنکەکانی (عێن ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر و چەند شوێنێکی دیکە) کەوتوونەتە خوارەوە. دەشڵێت: “دەست بەجێ سەرکردە سەربازییەکانی عێراقمان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ئاگادار کردووەتەوە”.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەوەی ڕەت کردووەتەوە کە هیچ زیانێکی مرۆیی لە ئەنجامی مووشەکبارانکردنەکە کەوتبێتەوە، “لە لایەن هیزەکانی هاوپەیمانانیشەوە بە فەرمی هیچ زیانێکمان پێ ڕانەگەیەندراوە”.
عەبدولمەهدی لە راگەیاندراوەکەیدا نەیشاردووەتەوە کە ئەو لەگەڵ لایەنە دەرەکی و نێوخۆییەکان لە هەوڵدایە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی عێراق بچێتە نێو شەڕێکی کراوەوە کە عێراق و ناوچەکە دەبنە یەکەمین قوربانییەکانی.
هۆشداریشی داوە لە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکە و دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، بۆیە “حکوومەت لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگەگرتن لە بارگرژیی زیاتر و ڕێزگرتنی هەمووان لە سەروەریی عێراق و زیادەڕۆیینەکردنە سەری بەردەوامە”.
داواشی لە هەمووان کردووە، دان بە خۆیاندا بگرن و زمانی عەقڵ بەسەریاندا زاڵ بێت و پابەندی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بن و ڕێز لە دەوڵەتی عێراق و بڕیارەکانی حکوومەتەکەی بگرن و هاوکار بن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە مەترسیدارەی هاتووەتە پێشەوە.
باسنيوز