ئەیاد عەللاوی: ئێستا باجی جێبەجێ نەکردنی دەستوور دەدەین

سەرکردەیەکی باڵای عێراقی رایدەگەیەنێت، حوکمڕانیی عێراق ئێستا باجی جێبەجێ نەکردنی دەستوور دەدات.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، عێراق لەبەردەم مەترسی دایە و پێویستە لایەنەکان ئەزموون و داناییان هەبێت.
ئەیاد عەللاوی ئەو کێشانەی ئێستا رووبەڕووی عێراق دەبنەوە بە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی دەستووری هەمیشەیی وڵات دادەنێت و رایگەیاندووە، ئەگەر لە ساڵی 2010 کار بە دەستوور بکرابا لەبارەی ئەو هاوپەیمانییەی سەرکەوتووی هەڵبژاردن بوو، ئێستا عێراق رووبەڕووی ئەو کێشانە نەدەبووەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2010، هاوپەیمانیی عێراقییە، کە عەللاوی سەرۆکایەتی دەکرد، 91 کورسیی پەرلەمانی بە دەست هێنا و بووە گەورەترین کوتلەی پەرلەمان، کە بەپێی دەستوور، دەبوایە ئەو هاوپەیمانییە سەرۆک وەزیران دیاری بکات، بەڵام لایەنە شیعەکان رێگەیان نەدا هاوپەیمانیی عێراقییە بکرێتە براوەی هەڵبژاردن.
باسنيوز