هێزی زیاتر لە دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاو دەکرێتەوە

 هێزی زیاتر لە دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاو دەکرێتەوە


دوای لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێزی زیاتر لە دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاو دەکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، کە ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2019 بڵاویان کردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو 15 زرێپۆش و هامڤیی سەربازیی ئەمریکی بە چەک و سەربازەوە، گەیشتوونەتە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

رۆژی شەممە 14-12-2019، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندبوو، لە رۆژانی 9 و 11ـی ئەم مانگە (مانگی 12ـی 2019)، دوو هێرشی مووشەکی لەلایەن "دارودەستەکانی ئێران" کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا.

پێشتر مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پێویستە ئێران رێز لە سەروەریی دراوسێکانی بگرێ و دەست لە هاوکاریکردنی لایەنەکان لە عێراق و وڵاتانی دیکە، هەڵبگرێ، ”ئەگەر ئێران یان هەر لایەنێکی سەر بە ئێران هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق یان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، ئەوا وەڵامێکی توندمان دەبێت“.

لە نزیکەی یەک مانگی رابردوودا، چەند جارێک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بە مووشەک کراونەتە ئامانج، کە دەگوترێ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، هێرشە مووشەکییەکان ئەنجام دەدەن.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.




باسنيوز
Top