کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق: لە خۆپێشاندانەکان 487 کەس کوژراون

حوسێن، خۆپیشاندەرە و دەڵیت "ئێمە لە شۆڕش بەردەوامین. زیاتر لە 30 رۆژە لێرەین و من لە حللەوە هاتووم. نیشانەشکێنەکان و تەقەکردن نامانترسێنێت. ئەگەر 100 رۆژ و 200 رۆژیش بخایێنێت هەر بەردەوامدەبین؛ چارەسەرمان دەوێت، ئەمانەمان ناوێن. دەبێت ئەو رژێمە بە تەواوی بگۆڕێت. حکومەت لە هەموو پارێزگاکاندا لەبەردەم کامێراکان و بە ئاشکرا دەمانکوژێت".
بەپێی تازەترین راپۆرتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، تاوەکو ئێستا 423 کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون، هاوکات کوشتن و رفاندنی چالاکڤانانیش بەردەوامە.
لەو بارەوە لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر کوشتن و رفاندنی چالاکوانان بەردەوامبێت، ئەوا بەرپرسانی حکومی و ئەمنیی عێراق رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی دەبنەوە.
ئەبو عەلی، خۆپێشاندەرێکی بەغدایە و دەڵێت "کوشتنی خۆپێشاندەران و چالاکڤانان بۆچی؟ ئایا ئەمە ئاشتییانەیە؟ ئێمە هیچمان پێ نییە جگە لە ئاڵای عێراق. ئەوانیش دەمامکدارن و جل و ئۆتۆمبێڵەکانیان رەشە و خەڵک دەکوژن. خۆپیشاندان لە هەموو وڵاتان مافێکی رەوایە".
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقیش، لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 487 کەس کوژراون و نزیکەی 20 هەزاری دیکەش برینداربوونە.