عوسمان: له‌گه‌رِی دووه‌می دانووستانه‌كان پرسیاری هه‌ڵوێستی فه‌رمی سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 140 له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌كه‌ین

عوسمان: له‌گه‌رِی دووه‌می دانووستانه‌كان پرسیاری هه‌ڵوێستی فه‌رمی سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 140 له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌كه‌ین
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی مه‌حمود عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا لێدوانی دژ به‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، له‌وكاته‌ی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌وان ئاماده‌ن ماده‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێكی دیكه‌ ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا عوسمان رایگه‌یاند كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا شاندی كوردی چاوه‌رِوانی دانووستان ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا.
عوسمان روونیكرده‌وه‌ دانووستانی گه‌رِی یه‌كه‌می نێوان هه‌ردوو شاندی دانووستكاری ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان به‌ ئیجابی بورِێوه‌چوون، دواتریش هه‌موولایه‌ك گوێبیستی لێدوانه‌كانی ئه‌ندامی شاندی دانووستكاری ده‌وڵه‌تی یاسا حه‌سه‌ن سه‌نید بوون كه‌ رایگه‌یاند ده‌وڵه‌تی یاسا ئاماده‌یه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی به‌ڵێن به‌كورد بدات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140،به‌لاَم له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مجاره‌ هه‌موو لایه‌ك گوێبیستی لێدوانه‌كه‌ی په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی یاسا سادق له‌بان بوون كه‌ گوتی: ئێمه‌ پێمان باشتره‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ده‌ست بده‌ین و ببینه‌ ئۆپۆزسۆن له‌ ناوپه‌رله‌مان نه‌ك سازش له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بكه‌ین.
له‌ كۆتاییدا عوسمان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌گه‌رِی دووه‌می دانووستانه‌كان پرسی ماده‌ی 140 له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌و پرسیاری هه‌ڵوێستی فه‌رمیان سه‌باره‌ت به‌ ماده‌كه‌ لێده‌كرێ.
Top