چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان مالیكی و عه‌للاوی بێ ئه‌نجام كۆتایی پێهات

چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان مالیكی و عه‌للاوی بێ ئه‌نجام كۆتایی پێهات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

به‌رپرسێك له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكی لیستی ئه‌لعێراقییه‌ ئه‌یاد عه‌للاوی رایگه‌یاند چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی و سه‌رۆكی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ ئه‌یاد درێژه‌ی نه‌خایاندو هه‌روه‌كو چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی رابردوو بێ ئه‌نجام كۆتایی پێهات ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ هه‌ردوولا برِیاریاندا چاوپێكه‌وتنه‌كان به‌رده‌وام بن.

ئه‌مرِۆ ئێواره‌ سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی سه‌ردانی ئه‌یاد عه‌للاوی كردوو له‌ باره‌گای تایبه‌تی عه‌للاوی چاویان پێككه‌وت، له‌ میانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا هه‌ردوولا تاوتوێی دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی گۆرِه‌پانی عێراقیان كرد به‌تایبه‌ت پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، سه‌رچاوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی عه‌للاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ مالیكی و عه‌للاوی دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو كوتله‌و پێكهاته‌كان به‌شداری له‌ حكومه‌تی نوێی عێراق بكه‌ن و هیچ لایه‌ن وپێكهاته‌یه‌ك په‌راوێز نه‌خرێ.

سه‌رچاوه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ نزیكه‌ی نیو كاتژمێری خایاندو له‌ كاتژمێر 6،15 حوله‌كی ئێواره‌ ده‌ستی پێكردوو له‌ كاتژمێر 6،45 خوله‌ك كۆتایی پێهات، هه‌ردوولا ش جه‌ختیان له‌سه‌ر درێژه‌ پێدانی چاوپێكه‌وتنه‌كان كرده‌وه‌.

جێی باسه‌ له‌وه‌ته‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 7 ی ئازار ئه‌مه‌ دووه‌م چاوپێكه‌وتنی نێوان مالیكی و عه‌للاوییه‌، تا ئێستاش به‌هۆی پێداگری هه‌ردوولایان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق نه‌توانراوه‌ حكومه‌ت پێكبهێنرێت.
Top