راپۆرتێك: عێراق بۆته‌ یه‌ك له‌و ولاَتانه‌ی زۆرترین بازرگانی له‌شفرۆشی تێدا ئاڵوگۆر ده‌كرێ

راپۆرتێك: عێراق بۆته‌ یه‌ك له‌و ولاَتانه‌ی زۆرترین بازرگانی له‌شفرۆشی تێدا ئاڵوگۆر ده‌كرێ
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ راپۆرتێكدا كه‌ له‌ 373 لاپه‌رِه‌ پێكهاتووه‌، به‌گشتی تیشكی خستۆته‌سه‌ر دیارده‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ له‌ 175 ولاَتی جیهان كه‌ عێراق یه‌كێكه‌ له‌و ولاَتانه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری بازرگانی تێدا ئه‌نجام ده‌درێ.

راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ عێراق بۆته‌ یه‌كێك له‌ولاَته‌ مه‌ترسیدارانه‌ی دیارده‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ تێیدا به‌به‌رفراوانی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی په‌یدابوونی دیارده‌كه‌ش بۆ سه‌ختی باری ژیان و ئابووری هاولاَتیانی عێراقی ده‌گه‌رِێنێته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات پیاوان و ئافره‌تان و كورِان و كچانی هه‌رزه‌كارو مندالاَنیش به‌زۆر رووبه‌رووی دیارده‌ی له‌شفرۆشی ده‌بنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا كچانی كه‌متر له‌سه‌رووی 11 ساڵی بوونه‌ته‌ له‌شفرۆش و هه‌ندێكیان خانه‌واده‌كانیان به‌زۆر هانیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و كاره‌ ته‌نیا له‌ پێناوی په‌یداكردنی بژێوی رۆژانه‌یان و سووككردنی ئه‌و قه‌رزانه‌ی به‌سه‌ر خانه‌واده‌كانیان كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌.

راپۆرته‌كه‌ ده‌نووسێ جۆره‌ له‌شفرۆشییه‌ك له‌ناو عێراقییه‌كان په‌یدابووه‌ ئه‌ویش هاوسه‌رگیری كاتی ( زواج متعه‌)یه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش جۆره‌ له‌شفرۆشییه‌كه‌ بۆ رزگاربوون له‌ برسییه‌تی، ئه‌وشی نووسیوه‌ كه‌ زۆرێك له‌و سه‌رمایه‌داره‌ عێراقییانه‌ی بازرگانی به‌مرۆڤ ده‌كه‌ن ده‌رِۆن له‌ناو پارێزگاكانی عێراق هه‌ندێك جاریش له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئافره‌تان و كچانی هه‌رزه‌كار دێنن به‌ ناوی هاوسه‌رگیری موتعه‌و دواتریش كاری له‌شفرۆشیان پێده‌كه‌ن.
Top