سوپای ئه‌مه‌ریكا: ژماره‌ی قوربانیانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ عێراق به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو كه‌متر بۆته‌وه‌

سوپای ئه‌مه‌ریكا: ژماره‌ی قوربانیانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ عێراق به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو كه‌متر بۆته‌وه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ئه‌مرِۆ سێشه‌ممه‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یانێكدا ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقی به‌هۆی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان راگه‌یاند، ئاماژه‌ به‌كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی ده‌كات به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو.

ئه‌مرِۆ له‌ به‌یانێكدا كه‌ كۆپییه‌كی ده‌ست سایتی گولاَن كه‌وتووه‌، ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ی قوربانیانی عێراق له‌ ماوه‌ی پێنج مانگی رابردوو ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ك رێژه‌كه‌ی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پێنج مانگی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو كه‌متر بۆته‌وه‌.

به‌یانه‌كه‌ ئه‌وه‌ی روونكردۆته‌وه‌ له‌ مانگی ئایاری ساڵی رابردوو ژماره‌ی قوربانبانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان 350 كه‌س بووه‌، له‌و كاته‌ی له‌ هه‌مان مانگی ئه‌مساڵدا رێژه‌كه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ 250 كه‌س، هه‌روه‌ها له‌ مانگی نیسانی ساڵی رابردوو ژماره‌ی قوربانیان 450 كه‌س بووه‌، به‌لاَم له‌ نیسانی ئه‌مساڵدا رێژه‌كه‌ كه‌متر له‌ 200 كه‌س بووه‌.

باس له‌وه‌ش ده‌كات ژماره‌ی قوربانیانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ زۆر كه‌متر بووه‌ له‌ قوربانیانی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2009.

راپۆرته‌كه‌ تیشكی خستۆته‌ سه‌ر رۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق كه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو توانیویانه‌ رۆڵێكی باشتر بگێرن له‌ پاراستنی ئه‌منی به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی دۆسییه‌ ئه‌منییه‌كانیان وه‌رگرتۆته‌وه‌.
Top