رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ (گوڵان):ئێستا سەرقاڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و بەرزكردنەوەی داهاتی ناوخۆین تاكوكورتهێنانی بودجە چارەسەر بكەین

رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ (گوڵان):ئێستا سەرقاڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و بەرزكردنەوەی داهاتی ناوخۆین تاكوكورتهێنانی بودجە چارەسەر بكەین
رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بەگفتوگۆكانی تایبەت بەپەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا وتی: زۆربەی گفتوگۆكانی بودجە لەپەرلەمانی كوردستان بەلاڕێدا دەبرێت و بۆتە مەرامی سیاسی و لەروانگە زانستی و پراكتیكییەكەوە دوور كەوتۆتەوە، بەرادەیەك نە لەعێراق و نە لەوڵاتانی دەوروبەرو جیهانیش بەو شێوەیە وتووێژەكان و پەسەندكردنی بودجە دواناكەوێت و تەنیا گفتوگۆ لەسەر تەوەرە گشتی و خاڵە سەرەكییەكان دەكرێت، نەك تێكەڵبوون بە ووردەكاری وا كە هەربەشێك دەبێتە 100 ماددەو هەر ماددەیەكیش سێ خاڵی هەیەو سەدان ووردەكاری تر كە رەنگە ئەو پەرلەمانتارەش شارەزایی ووردی لەسەر ئەم بابەتانە نەبێت، ئەمساڵ بە شاهدی زۆر لەپەرلەمانتاران و پسپۆران و شارەزایان پرۆژە یاسای بودجەیەكی باش و رێكوپێك و دەوڵەمەند لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادەكراوە كە هێڵە گشتییەكان و كێشەو گرفت و ستراتیژییەت و دەرئەنجامەكان و بارودۆخی دارایی لە راپۆرتێكی وورد نێردراوە بۆ پەرلەمان، بودجەو راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری ماوەی یەك مانگە لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و لەسەر هەموو لیژنەكان دابەش كراوەو هەریەك لەم لیژنانەش راپۆرتی خۆیان ئامادەكردووە و داویانە بەلێژنەی دارایی و ئابووری، كە ئەمیش راپۆرتێكی نزیكەی 100 لاپەڕە ئامادەكردووە هەروەكو چۆن راپۆرتی حكومەتیش لەمبوارەوە ئامادەكراوە، هەربۆیە وا پێویست بوو پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر هەردوو راپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان و راپۆرتەكەی حكومەت بكات كە پێشتر لە ڕێگای لیژنەكانیانەوە راوبۆچوون و تێبینییەكانیان بەرز كراوەتەوە و راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی و ئابوورییان تەعبیرە لەوە.
لەرووی عەمەلییەوە كاركردن و جێبەجێكردن و رێكخستنی ئەو هەموو خەرجییەو دابەشكردنی بەسەر وەزارەت و بوارو ناوچە و شارو شارۆچكەو قەزاو ناحیەكان وا ئاسا نییە و پێویستە پەرلەمانتاران یارمەتیدەرمان بن و پرۆژەكە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دەوڵەمەند بكەن، بۆ نموونە لەكاتێكدا حكومەت دەڵێت داهاتەكانم 15 ترلیۆن دینارەو خەرجییەكانم 16ترلیۆن و نیوە واتا یەك ترلیۆن و نیو دیناری كەمە لەكاتێكدا بەغداد بەچەندین شێوە بڕیاری شەڕی ئابووری و دژایەتیكردنی بودجەكەمانی راگەیاندووەو جێبەجێشی كردووە و بودجەی بەستۆتەوە بەبارودۆخە سیاسییەكەوەو بۆ ئەو مەرامە بەكاری دەهێنێت، هەربۆیە من سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كورتهێنانەم لە ڕێگای كەمكردنەوەی ئەو خەرجییانەی پێویست نین و یا ئەو داهاتەی لەناوخۆ هەیە بەرزی بكەمەوە و هانی خەڵكی بدەم پارەی رسوماتی ئاوو كارەبا بدەن و باج لەسەر هەندێك كارو ئیش زیاد بكەم، ئێمە هەوڵمانداوە لەبری كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی تر پارەی ئیفادو سەفەرو بۆنەكان كەم بكرێتەوە .
سەبارەت بەمەسەلەی دەرماڵەكانی فەرمانبەران بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری وتی: ئێمە پێشنیاری ئەوەمان كردووە دیراسەی دەرماڵەی فەرمانبەران بكەین، كە هەندێك دەرماڵە لەبەغدا هەیەو لەهەرێم نییە و بەپێچەوانەشەوە ئێمە هەندێك دەرماڵەمان هەیە كە لەبەغدا نییە، بۆ ئەمەش داوامانكردووە لیژنەیەك دروست بكەین و رەچاوی دادپەروەرانە لەنێوان دەرماڵەی هەموو وەزارەتەكاندا بكەین، ئێمە وتوومانە با دادپەروەری لەنێوان دەرماڵەكاندا هەبێت نەك مووچەی فەرمانبەران كەم بكەینەوە، لەناو پەرلەمانیش وا دەڵێن؛ كەچی ئەوانەی مەرام و مەبەستی سیاسییان لەگفتوگۆكان هەیە تەشهیر بەحكومەتەوە دەكەن و پروپاگەندەی لەدژی بڵاو دەكەنەوە دەڵێن گوایە حكومەت پڕۆژەی پێشكەش كردووە بۆ كەمكردنەوەی مووچەكان، ئەمە لەكاتێكدا حكومەتی خەڵكەو بۆ خزمەتگوزاریی و پاراستنی سەروماڵی ئەوان دانراوە و پێویستە بەهەموو لایەكمان كارو پڕۆژەكانی خەڵك زیاتر رێك بخەین و حكومەتەكەی هاووڵاتیان دەوڵەمەندو بەهێز بكەین نەك پروپاگەندەی لەدژ بكەین . بێگومان رەخنەگرتن و گفتوگۆكردن لەپرەنسیب و بنەماكانی كاری ئێستای حكومەتە، بەڵام پێویستە دوور بێت لەململانێی سیاسی و دژایەتیكردنی جێبەجێكردنی كاروچالاكییەكانی حكومەت كە لەحەقیقەتدا كارو خزمەتگوزارییە بۆ خەڵكی، لێرەدا هەندێك نموونە دەهێنمەوە هەندێك بڕگەو ماددە لەبودجەدا هەیە كە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و زۆربەی وڵاتانی دنیا دایانناوە و هەموو وڵاتانی پێشكەوتووە پابەندن پێوەی، ئێمەش بەشێكین لەعێراق و ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین، لەلایەكی ترەوە كوراسەیەك بۆ هەموو وەزارەتەكان دەنێرین و هەموو پێداویستیەكانی ئالیك و سەربازی و تەرفیهی بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكان و جەژنەكانی تێدایە، كەهەریەكەو بەپێی پێویستی خۆی بڕی دەكاتەوە، بۆ نموونە هەردوو بڕگەی عەلەف (ئالیك) و (تەرفیهی رەسمی) بۆ هەموو وەزارەتەكانی پێشمەرگەو پەروەردەو كشتوكاڵ و ناوخۆو ئەوقاف و ... تاد دەچێت و كەشف دێتەوەو هەریەكەو كەشفی خۆیان هەیە كە رەنگە لەزانكۆكان هەندێك ئاژەڵ و زیندەوەریان هەبێت بۆ توێژینەوەو تاقیكردنەوە زانستییەكان پێویستیان پێی هەبێت بەڵام هەموو وەزارەتەكان ئاماژەیان پێ نەكردووە، یا سەگی پۆلیسی بۆ وەزارەتی ناوخۆو لایەنە ئەمنییەكان، تۆ سەرنجی ئەم دژایەتیكردنە بكە لەبڕگەی ( ترفیهی رسمی) كە لەپێشی كەوانەیەك هەیەو هەموو پەیوەندییەكان و شاندەكان و میواندارێتی و ئاهەنگەكان نووسراوە كەچی پەرلەمانتار هەیە دێت و دەچێت تەنیا بەترفیهی رەسمی دەیخوێننەوەو بۆ سەر زمانی كوردی وەردەگێڕن و دەیكەن بە (رابوواردن )و دەڵێن حكومەت 28 ملیاری بۆ رابوواردن لەبودجە خەرج كردووە، كەچی بڕگەكە بەمجۆرە نییە و وردەكاری لەسەر ئەم بڕگەیە نووسراوە، بەڵام ئەوانە بەتەواوی نایخوێننەوەو نایانەوێت بزانن مەبەستی سەرەكی بڕگەكە چییە، بۆ نموونە كە یادو بۆنەكانی ئەوقاف واتە بۆنە ئاینییەكانە (بۆنە ئاینییەكانی موسڵمانان و مەسیحییەكان و ئیزییدیەكان) بۆنە فەرمییەكان ئەوە وەزارەتی رۆشنبیری دەگرێتەوە و بەهەمان شێوە ئەوانی تریش.
سەبارەت بە قەرز و ئەو پێشنینیانەی كە حكومەت بە هاووڵاتیانی دەدات وتی: ئەو پێشینانەی كە پەرلەمان بڕیاری لەسەرداوە بە هاووڵاتیان بدرێت ئەوە لەناو بودجەدا نییە وەكو ئەو 25ملیۆنەی بە گوندەكان دەدرێت و ئەو 20ملیۆنەی بە ناو شارەكان دەدرێت، هەروەها بۆ دروستكردنی خانوو قەرزی پیشەسازی هەتا یەك ملیار دینارو قەرزی كشتوكاڵ تا 500ملیۆن دینارو سندوقی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت هەموو ئەمانەو پێشینەكانی دیكەش كە هەیە هیچی لە ناو بودجەدا نییە، بەڵكو لە دەرەوەی بودجەدایە، لە هەموو دنیادا حكومەت قەرز بە خەڵك نادات،بەڵام لە ساڵی 2006 تا ئێستا 3تریلیۆن و 900ملیار دینارمان قەرز و پێشینەكان بە هاووڵاتیان داوە،، تەنیا لەو پێشینانەی كە چەند ساڵە بەخەڵك دراوە 451 هەزار كەس سوودمەند بوون و ئەوەی لە بودجەكەش راستەوخۆ پارەوە وەردەگرن و سوودمەند دەبن موچەخۆرانن هەر لە فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەست و خانەنشینی مەدەنی و سەربازی و تۆڕی كۆمەڵایەتی و كەمئەندامان بگرە تا دەگاتە خانەوادەی سەربەزری شەهیدان و ئەنفالكراوان و... تا كە ئەمانەش ژمارەیان یەك ملیۆن و 341هەزار كەسە.
Top