بودجەی خەمڵێنراو..هەنگاوێكی دیكەی كابینەی حەوتەم بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری سەرەكی وپڕۆژەكان دوانەكەون

بودجەی خەمڵێنراو..هەنگاوێكی دیكەی كابینەی حەوتەم  بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری سەرەكی وپڕۆژەكان دوانەكەون
شەوی سەری ساڵی ئەمساڵ كۆنگریسمانەكانی ئەمریكا لەبری ئەوەی سەرقاڵی ئاهەنگەكانی كریسمس بن، لە كۆنگرێس مانەوە بۆ ئەوەی لەسەر بودجەی ساڵی 2013 بگەنە رێككەوتنێك و پەسەندكردنی بودجە دوانەكەوێت، بەرەبەیانی شەوی سەری ساڵ جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەرقاڵی میانگیری كردن بوو لەگەڵ كونگریسمانە كۆمارییەكان بۆ ئەوەی بەچارەسەری مامناوەندی ئەو جیاوازییانە چارەسەر بكەن، كە سەبارەت بەكەمكردنەوەی خەرجیەكان لە بودجەی ئەمریكا پیشنیار كرابوو، هەردوولا كۆمارییەكان و دیموكراتەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە پێویستە ئابووری ئەمریكا لەدەرهاویشتەی قەیرانی ئابووری بپارێزرێت، بەڵام هەرلایەك بە بۆچوونی جیاواز، دیموكراتەكان پیشنیاری ئەوەیان هەبوو كە باج لەسەر خاوەنی داهاتە بەرزەكان زیاد بكرێت، بەڵام كۆمارییەكان داوایان دەكرد خەرجی سەربازی كەمبكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجی یەك ئامانج بوو، كۆمارییەكان لەگەڵ ئەوەی بۆچوونەكانیانیشیان زۆر جیاواز بوو، هەروەها بۆچوونەكانیشان لۆژیكی بوو، بەڵام داوایان نەكرد بودجە بگەڕێتەوە بۆ كونگرێس و دووبارە رێكبخرێتەوە، هۆكاری سەرەكیش لەبەر ئەوەبوو بودجە پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانی ئەمریكا و پەیوەندی بە دامەزراوە و تیكڕای بازاڕی ئەو وڵاتەوە هەیە و ناكرێت لە بەرژەوەندی حزبیەوە سەیر بكرێت، بۆیە ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری وڵاتان بكەین، دەبینین بۆ دواكەوتنی چەند سەعاتێك لە پەسەندكردنی بودجەی وڵاتێكی وەك ئەمریكا، هەموو كۆنگریسمان و ئەندامانی سەنات ئامادەبوون لە كۆنگرێس بمێننەوە هەتا دەگەنە چارەسەرێك بۆ ئەوەی بودجە لەكاتی خۆی پەسەند بكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیار و تێڕامانە لەوڵاتی ئێمە، بەلای لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە زۆر زۆر ئاساییە داوای ئەوە بكرێت دووبارە بودجە بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت و چەند مانگێك بودجە دوابكەوێت، كاتێكیش پەرلەمانتارانی لیستی كوردستانی داكۆكی لەوە دەكەن كە رەخنە و گازندەكانی كە لەسەر بودجە هەن لەناو تەلاری پەرلەمان چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوا پەرلەمانتارەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو مافەیان بەخۆیانداوە كە بڵێن پەرلەمانتارەكانی لیستی كوردستانی بەرگری لە حكومەت دەكەن و بوونە پارێزەری حكومەت لەناو پەرلەماندا، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە كاتێك كۆنگریسمانە دیموكراتیەكان داكۆكیان لە بودجە دەكرد، ئایا كۆنگریسمانە كۆمارییەكان ئەم تۆمەتەیان خستە پاڵ دیموكراتەكان، یان ئەوانیش بەدوای چارەسەردا گەڕان بۆ ئەوەی بودجە لە كاتی خۆی پەسەند بكرێت و یاری بە قووتی خەڵك وزەی هەڵسوڕێنەری ژیانی هاوڵاتیان و وڵات نەكرێت؟ ئەم پرسیارە ئەو مانشێتانە وەڵامی دەدەنەوە كە یەكەم رۆژی ساڵ مانشێتی سەرەكی هەموو میدیاكانی ئەمریكا هەواڵی پەسەندكردنی بودجە بوو، وەك ئەوەی سەركەوتنێكی گەورە و كێشەیەكی گەورە لەچەند كاتژمێرێكدا چارەسەر كرابێت.
بودجەی خەمڵێنراوی هەرێم
ئەزموونێكە پێویستی بە پشتگیری هەیە
هەتا ئەمساڵ هەموو ساڵێك بودجەی هەرێم لەنیوەی ساڵدا موناقەشەی لەسەر كراوە، هۆكاری دواكەوتنی بودجە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە هەتا بودجەی عێراق پەسەند نەكرێت ناتوانرێت بودجەی كوردستان دابنرێت، هەر بۆیە لەبەر ئەوەی بودجەی عێراق بەشێوەیەكی ئاسایی لە مانگی مارت و نیسان عادەتەن پەسەند دەكرێت، بۆیە وتووێژەكانی پەسەندكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەوتە مانگەكانی حوزەیران و تەمموزەوە، ئەم دواكەوتنە بۆ بودجەی بەكاربەر هیچ زیانێكی نەبوو، بەڵكو كاریگەری گەورە و سلبی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان - بودجەی پڕۆژەكان هەبوو، كە ساڵی كاركردنی لە 12 مانگەوە كەمدەكردەوە بۆ 5 مانگ و هیچ وەزارەتێك نەیدەتوانی لەو ماوەیەدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ تەرخاندەكرا سەرفی بكات و سەرەنجامیش وەك پێویست نەدەتوانرا خزمەتگوزاری پێویست پێشكەشی هاوڵاتیان بكرێت، لە پەلەپەلی كردن بۆ ئیحالەكردنی پڕۆژەكان و خستنییە ناو بواری جێبەجێكردنەوە نەدەتوانرا وەك پێویست ئاستی ستاندەر لەبەر چاو بگیرێت، ساڵی یەكەمی كابینەی حەوتەم كە خۆی بودجەی خۆی ئامادەنەكردەوەو لەلایەن كابینەی شەشەمەوە ئامادەكرابوو، واتە بەرنامەیەكی جێبەجێ كرد، كە ستافێكی دیكە ئامادەیان كردبوو، بۆیە لەیەكەم هەنگاو لە كابینەی حەوتەم بیر لەوەكرایەوە كە ئەم ئاستەنگەی بودجە چارەسەر بكرێت و بودجەی خەمڵێنراو ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی لەكاتی خۆی پەرلەمان موناقەشەی بكات، بۆ ئەوەی لانی كەم هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی حكومەتی فیدرالی بودجەی حكومەتی هەرێمیش پەسەند كرابێت، چەند مانگێك پڕۆژەكان زووتر بخرێنە واری جێبەجێ كردنە، ئەم ئەزموونە كە كابینەی حەوتەم هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە، كە یەكەمجارە بەمجۆرە پەلە لە دانانی بودجە بكرێت، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كابینەی حەوتەمی هەرێمی كوردستان بیری لەوە كردۆتەوە كە ماوەی سەرفكردنی بودجەی وەبەرهێنان لە 5 مانگەوە بەرز بكاتەوە بەلانی كەم بۆ ماوەی 9-10 مانگ، ئەمەش مانای ئەوەیە، یەكێك لە هەنگاوەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە دەیەوێت هەم هیچ پڕۆژەیەك نەمێنێتەوە نەتوانرێت جێبەجێ نەكرێت، هەمیش ئاستی كوالێتی پڕۆژەكان بەرەو باشتر بەرێت، كە گومانی تێدا نییە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لەرووی ئاستی كوالێتیەوە كەموكورتیان هەبووە. كەواتە ئەم ئاراستەیە بەرەو دوو خاڵمان دەبات، كە دووخاڵی گرنگن و پێشتر ئاستەنگ بوون لە چۆنییەتی خەرجكردنی بودجەدا:
• هەوڵدان بۆ لابردنی ئاستەنگی دواكەوتنی بودجە، بۆ ئەوەی بودجەی وەبەرهێنان بتوانرێت بەشێوەیەك باشتر بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان تەرخانبكرێت.
• هەوڵێك بووە بۆ ئەوەی ئاستی نزمی كوالێتی خزمەتگوزارییەكان و جێبەجیكردنی پڕۆژەكان بەرز بكرێتەوە، ئەمەش بە رێگەی ئەوەی چیتر دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە نەكرێتە پاساوێك بۆ ئاستی نزمی كوالێتی.
ئەگەر لەروانگەی هەنگاو هەڵگرتن بۆ حوكمڕانی باش بەتایبەتی لەقۆناخی بونیادی دیموكراتی لەوڵاتانی تازە پێگەیشتوو پرۆسەی دانانی بودجەی خەمڵێنراوی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەیر بكەین، ئەوا لەسەر هەموو لایەك بە حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە پێویستە، ئەم هەنگاوە وەك ئەزموونێكی دیكەی هەنگاو هەڵگرتن بەرەو حوكمڕانی باش و سوود وەرگرتنی زیاتر لە بودجەی هەرێمی كوردستان لێكبدرێتەوە، ئەم بۆچوونە بەو مانایە نییە كە پاكانە بۆ ئەوە بكرێت ئەم پڕۆژەی بودجەیە بێ كەموكورتی یە، یان هەتا ئەگەر پرۆسەی دانانی بودجەكە بۆ هەر بڕگەو بابەتێك لەجێی خۆشی دانرابێت، مانای ئەوە نی یە ئەو بڕگە و ماددانە بۆچوونی دیكە هەڵنەگرن، ئەم حاڵەتە ئەگەر بۆ دانانی بودجە لەبەر رۆشنایی سەرچاوەیەكی داهاتی سەقامگیر و جێگر، بنەمایەكی لۆژیكی بێت، ئەوا بودجەی ئەمساڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بودجەیەكی خەمڵێنراوە و لەسەر بنەمای داهاتێكی مەزندە بۆ كراو داڕێژراوە، ئەوا زیاتر بۆچوون تێڕوانینی جیاواز هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێتە جێگەی پرسیار ئەوەیە، ئایا دەكرێت حكومەت گوێ لەراوبۆچوونی پەرلەمانتاران نەگرێت؟ یان بە دیوێكی دیكەدا دەكرێت ژمارەیەك پەرلەمانتار كە خۆیان وەك لیستی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بێت، هێڵێكی راست و چەپ بەسەر هەموو ئەو پرۆسەیەدا بێنن كە ماوەی چەند مانگێك پێوەی خەریك و ماوەی زیاتر لە مانگێكیشە بودجەی هەر وەزارەتێك بەجیا لەگەڵ لیژنەكانی ناو پەرلەمان موناقەشەی لەسەركراوە و پاشان وەك راپۆرتێك بەرز كراوەتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكەش لەناو پەرلەمان موناقەشەی لەسەر بكرێتەوە؟ ئایا كێ سوودمەند دەبێت ئەگەر دووبارە بودجە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت و جارێكی دیكە هەر وەزارەتێك بەجیا لەگەڵ لیژنەكانی ناو پەرلەمان وتووێژی لەسەر بكەنەوەو دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان؟ ئایا دووبارە كردنەوەی ئەم پرۆسەیە لانی كەم دوو تا سێ مانگی دیكەی پێناچێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئاراستەی بۆ چوونەكان لە تێڕوانینی تەسكی حزبایەتیەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی تێڕوانین لەسەر بەرژەوەندی گشتی، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بەرژەوەندی گشتی خەڵك لەناو فەزای گشتی تەنها بەتێڕوانینی لایەنی ئۆپۆزسیۆن یان لایەنی دەسەڵات بەرجەستە دەبێت؟ بێگومان هەوڵدانی هەر لایەك بۆ ئەوەی خۆی بكاتە دەمڕاست بۆ ئەوەی جڵەوگیری رای گشتی بكات، ئەوا ئەم هەوڵە بێجگە لە دروستكردنی كەشێكی ناتەندروست لەناو فەزای گشتی و بەرژەوەندییەكی كاتی حزبی و یاریكردن بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان هیچ ئاكامێكی دیكەی لێ چاوەریێ ناكرێت.
بودجەی خەمڵێنراو
پرۆسەیەكی هاوبەشی حكومەت و پەرلەمانە
ئەوەی هەرێمی كوردستان لەوڵاتانی دەوربەرو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیادەكاتەوە، بوونی ئەو پەرلەمانەیە كە بەكردەیی بلۆكێكی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی چالاك كاری خۆی دەكات، خۆ ئەگەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن كە هەر واش دەكەن، دووبارە ئەم واقیعە رەتبكەنەوە، ئەوا ئەمەش نیشانەیەكی دیكەی ئەو ژینگە دیموكراسیەیە كە لەم هەرێمەدا بوونی هەیە و مانایەكی سەردەمیانەی بوونی دیموكراتییە، بەوەی دیموكراتی تەنها حوكمڕانی زۆرینە نییە بەڵكو ڕێزگرتنی مافی كەمینەشە، دیموكراتی تەنها سەپاندن نییە، بەڵكو چاودێری و راگرتنی هاوسەنگییە، لەم سۆنگەیەوە ئەگەر سەیری پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستانی بكەین، هەست دەكەین ئەم پەرلەمانە لەگەڵ ئەوەی لیستێكی زۆرینەی تێدایە كە لیستی كوردستانییە و پاشان لیستی چوار لایەنی دیكە كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن راگەیاندووە، نوێنەرایەتی و لیستی نەتەوەكانی دیكەشی تێدایە، لەمەش گرنگتر میكانیزمی كاركردنی پەرلەمانیش كە دابەشكراوە بۆ كاری لیژنەكانی پەرلەمان، لەنێو هەموو لیژنەكاندا نوێنەرانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرانی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بەشدارن، ئەوەی جێگەی هەڵوەستە كردنە سەرۆكی هەموو لیژنەكانی ناو پەرلەمان هەموویان پەرلەمانتارانی سەر بەلیستی كوردستانی نین، بەڵكو جۆرە تەوافیق دروستكراوە كە بتوانرێت هەم وەك چەمكە كلاسیكیەكەی دیموكراتی بڕیارەكان بە زۆرینە وەربگیرێت و هەمیش وەك رەنگدانەوەی تێگەیشتنی سەردەمیانەش بۆ دیموكراتی مافی كەمینەكانیش بپارێزێت، كەواتە ئەم میكانیزمی كاركردنەی پەرلەمان لەسەر دوو ئاستە:
• یەكەمیان ئاستی كاری لیژنەكانی پەرلەمان كە بەهاوكاری لەگەڵ حكومەت راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن دوور لە زوومی كامێرەكان.
• دووەمیان ئاستی موناقەشەكردنی راپۆرتە هاوبەشەكەی حكومەت و لیژنەكانی پەرلەمانە لەبەردەم زوومی كامێرەكان.
ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری موناقەشەكانی ئێستای ناو پەرلەمانی كوردستان لەسەر بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی 2013 بكەین، ئەوا دەكرێت ئاماژە بە یەك دوو خاڵی گرنگ بدەین:
1. ئەم بودجەیەی ئێستا موناقەشەی لەسەر دەكرێت و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بەوجۆرە دەیانەوێت بەڕای گشتی بڵێن، ئەم بودجەی تەنها حكومەت ئامادەی كردووە و پەرلەمانتاران مافی خۆیانە رەتی بكەنەوە، ئەوا دەكرێت ئەو راستیە بخەینە روو بەوەی ئەم پرۆسەی بودجەیە كە هەر وەزارەتێك بەجیا ئامادەی كردووە و پاشان بۆتە بودجەی حكومەت، لیژنەكانی پەرلەمان پەسەندیان كردووە وەك كارێكی پرۆفیشناڵی پەرلەمانی دوور لە زوومی كامێرەكان.
2. كەواتە ئەم بودجەیەی كە موناقەشە دەكرێت، راستە حكومەت ئامادەی كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزارەت بە وەزارەت و بڕگە بڕگە لەلایەن لیژنە تایبەتیەكانی پەرلەمانەوە هەڵسەنگێنراوە و پەسەند كراوە، ئەوا مانای ئەوەیە ئەم پرۆسەی بودجەیە پرۆسەیەكی هاوبەشی پەرلەمان و حكومەتە و پەرلەمانتاران كە كۆی پرۆسەی بودجەكە موناقەشە دەكەن، مافی خۆیانە ئەو سەرنجامانەی لیژنەكان لەسەر بودجەی هەر وەزارتێك و كۆی گشتی بودجەكە هەیانە رەخنەی لێبگرن و هەوڵبدەن ئەو سەرنجانە چارەسەر بكەن، بەڵام بڕگە بڕگەی پرۆسەی بودجە جارێكی دیكە بخرێتەوە موناقەشە و هەر پەرلەمانتارێك بەبێ رەچاوكردنی تایبەتمەندی بوارەكەی خۆی بۆ خۆدەرخستن لەبەردەم زوومی كامێرا حزبایەتی بكات، ئەوا ئەمە پێش هەموو شتێك هەوڵدانە بۆ بێ بەها كردنی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانەی خۆشیان كە لەلیژنە جیاوازەكانی پەرلەمان بوونیان هەیە، كە هەندێكیان سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمانین.
لێرەوە دەكرێت ئەو پرسیارە بوروژێنین ؛ ئایا كاتێك بەمشێوەیە و بۆ موزایەدە و بەرژەوەندی حزبی هەوڵدەدرێت پەسەندكردنی بودجە دوابكەوێت كێ زەرەرمەند دەبێت، حكومەت یان هاوڵاتی؟
لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەكرێت ئاماژە بە راستیەك بكەین، ئەویش ئەوەیە بودجە دوابكەوێت یان دوانەكەوێت، ئەوەی پێی دەگوترێت بودجەی بەكار كە مووچەی فەرمانبەران و هەڵسوڕانی وەزارەتەكان دەگرێتەوە، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر نابێت، لەبەر ئەوەی مووچە لە كاتی خۆی دەدرێت و كاری رۆژانەی حكومەت و وەزارەتەكانیش بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەوەی كاریگەری لەسەر دەبێت لە دواكەوتنی بودجە، بەشە بودجەی وەبەرهێنانە كە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە و چەند پەسەندكردنی بودجە دوابكەوێت، كەمتر دەتوانرێت ئەو پارەیە خەرج بكرێت كە بۆ پڕۆژەكان و خزمەتگوزارییەكان تەرخاندەكرێت، لەم حاڵەتەشدا ئەوەی لە راگەیاندنەكان بە ناوی خەڵك و بەرژەوەندی خەڵكەوە ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی بۆ دەكات، لە بواری كردەییدا ئەمانە دەبنە ئاستەنگ بۆ پڕۆژەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.
لە%80ی هاوڵاتیان لە بودجە سوودمەند دەبن
بایەخی ئابووری بودجە تەنها بۆ فەرمانبەرانی حكومەت نییە، بەڵكو پەسەندكردنی بودجە كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ و تەواوی لایەنە جیاوازەكانی خەڵك دەبێت لێرەدا بە خاڵ ئاماژەی پێدەكەین:
1. لە هەرێمی كوردستاندا 1341558 یەك ملیۆن و سێ سەدو چل و یەك هەزار و پێنجسەدو پەنجاو هەشت كەس مووچە وەردەگرن كە دەكاتە زیاتر لە 7 ترلیۆن دینار.
2. بۆ ئەمساڵ 15000 پلەی وەزیفی دادەمەزرێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری هەلی كار بۆ ژمارەیەكی گەورەی لاوەكان دروست بێت.
3. تا ( 31/12/2012)، 431 هەزار هاوڵاتی لە پیشینەی قەرزی كشتوكاڵ و قەرزی بچووك و مینحە بۆ كوڕ و كچی شەهیدان سوودمەند بوون كە كۆی پارەكە دەكاتە 3 ترلیۆن و 900 ملیار دینار. بۆ ئەمساڵیش 600 ملیار دینار بۆ قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی و خانووبەرەو پێشینەی هاوسەرگیری تەرخانكراوە، كە تەنیا لە پێشینەی خانووبەرەدا لەساڵانی نێوان 2003 تا 2012 ژمارەی سوودمەندبووان گەیشتۆتە 171 هەزارو 302 كەس( خێزان)، هاوكات گەر بێتوو ئاماژە بەهەندێك توێژو چین بدەین كە پارە وەردەگرن ئەوە ژمارەیەكی زۆری سوودمەندبووانی راستەوخۆمان بۆ دەردەكەوێت بۆ نموونە: 127 هەزارو 768 قوتابی - 3904 زیندانی سیاسیی - 73هەزارو 211 چاودێری خێزانی- 123 هەزارو 876 كەم ئەندام - 724 رێزلێنان - دەرماڵەی وەزارەتی ئەوقاف 1842 كەس - پەیمانگای دادوەری 41 كەس - 75 هەزار 855 خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و هەروەها 229 هەزارو 682 كەس خانەنشینی مەدەنی و سەربازی.
4. بۆ ئەمساڵ پارە بۆ 2975 پڕۆژەی پیشنیاركراو بەردەوام تەرخانكراوە.
5. ئەمساڵ بۆ هەڵەبجە بری 120 ملیار دینار بۆ شاری هەڵەبجە تەرخانكراوە.
6. ئەمساڵ بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بری 50 ملیار دینار تەرخانكراوە

بەشە داهاتی كردەیی هەرێمی كوردستان
لە بودجەی گشتی عێراقدا
ئەوەی باس دەكرێت ئەوەیە كە رێژەی %17ی بودجەی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەشێوەیەكی كردەیی بەشە بودجەی هەرێم لە كۆی بودجەی گشتی عێراق بەمجۆرەیە:
كۆی بودجەی گشتی عێراق بریتییە لە 138 ترلیۆن و 424 ملیار و 608 ملیۆن دینار.
كۆی بودجەی سیادی ئەمساڵی عێراق بریتییە لە 40 ترلیۆن و 381 ملیارو 584 ملیۆن دینار.
بودجەی حاكیمە لەبودجەی گشتی عێراق 10 ترلیۆن و 101 ملیارو 945 ملیۆن دینارە.
بودجەی پەرەپێدای پارێزگاكانی عێراق 7 ترلیۆن و 256 ملیار دینارە.
بودجەی پترۆ دۆلار بریتیە لە 1 ترلیۆن و 317 ملیارو 805 ملیۆن دینار.
(دوای دەركردنی بودجەكانی سیادی و حاكیمەو پەرەپێدانی پارێزگاكان و پترۆ دۆلار 79 ترلیۆن و 367 ملیارو 74 ملیۆن دینار دەمێنێتەوە)
بەمشێوەیە بڕی بەشە بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دەگاتە 13 ترلیۆن و 492 ملیارو 436 ملیۆن دینار، هەروەها 914 ملیارو 298 ملیۆن دیناری لەپەرەپێدانی پارێزگاكان و پترۆدۆلاری دەخرێتە سەر و بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان دەگاتە 14 ترلیۆن و 406 ملیارو 734 ملیۆن دینار كە رێژەی بەشی هەرێم دەگاتە 10.4%ی كۆی گشتی داهاتی عێراق.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق جەنگی ئابووری دژ بەهەرێمەكە بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ راگەیاندووە، ئەوەتا بەشی هەرێم لە17%وە كەمكراوەتەوە بۆ لە 10،4%، تەنانەت حكومەتی مەركەزی لەهیچ بڕیارێكی سیاسەتی نەختینەیی و دیاریكردنی نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو كە بە 90 دۆلار دانراوەو خەمڵاندنی ناردنە دەرەوەشی بە 2ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا داناوە، نوێنەرانی هەرێمی لەووردەكاری فرۆشتن و ناردنە دەرەوەو تەحویلكردنی پارەكان و نرخەكان ئاگادار نەكردووە و پرسیشیان پێ ناكات، بگرە لە قەرزی دەرەكیش بەشی هەرێم نادرێت.



رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ (گوڵان):
ئێستا سەرقاڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و بەرزكردنەوەی داهاتی ناوخۆین تاكو
كورتهێنانی بودجە چارەسەر بكەین

رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بەگفتوگۆكانی تایبەت بەپەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا وتی: زۆربەی گفتوگۆكانی بودجە لەپەرلەمانی كوردستان بەلاڕێدا دەبرێت و بۆتە مەرامی سیاسی و لەروانگە زانستی و پراكتیكییەكەوە دوور كەوتۆتەوە، بەرادەیەك نە لەعێراق و نە لەوڵاتانی دەوروبەرو جیهانیش بەو شێوەیە وتووێژەكان و پەسەندكردنی بودجە دواناكەوێت و تەنیا گفتوگۆ لەسەر تەوەرە گشتی و خاڵە سەرەكییەكان دەكرێت، نەك تێكەڵبوون بە ووردەكاری وا كە هەربەشێك دەبێتە 100 ماددەو هەر ماددەیەكیش سێ خاڵی هەیەو سەدان ووردەكاری تر كە رەنگە ئەو پەرلەمانتارەش شارەزایی ووردی لەسەر ئەم بابەتانە نەبێت، ئەمساڵ بە شاهدی زۆر لەپەرلەمانتاران و پسپۆران و شارەزایان پرۆژە یاسای بودجەیەكی باش و رێكوپێك و دەوڵەمەند لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادەكراوە كە هێڵە گشتییەكان و كێشەو گرفت و ستراتیژییەت و دەرئەنجامەكان و بارودۆخی دارایی لە راپۆرتێكی وورد نێردراوە بۆ پەرلەمان، بودجەو راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری ماوەی یەك مانگە لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و لەسەر هەموو لیژنەكان دابەش كراوەو هەریەك لەم لیژنانەش راپۆرتی خۆیان ئامادەكردووە و داویانە بەلێژنەی دارایی و ئابووری، كە ئەمیش راپۆرتێكی نزیكەی 100 لاپەڕە ئامادەكردووە هەروەكو چۆن راپۆرتی حكومەتیش لەمبوارەوە ئامادەكراوە، هەربۆیە وا پێویست بوو پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر هەردوو راپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان و راپۆرتەكەی حكومەت بكات كە پێشتر لە ڕێگای لیژنەكانیانەوە راوبۆچوون و تێبینییەكانیان بەرز كراوەتەوە و راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی و ئابوورییان تەعبیرە لەوە.
لەرووی عەمەلییەوە كاركردن و جێبەجێكردن و رێكخستنی ئەو هەموو خەرجییەو دابەشكردنی بەسەر وەزارەت و بوارو ناوچە و شارو شارۆچكەو قەزاو ناحیەكان وا ئاسا نییە و پێویستە پەرلەمانتاران یارمەتیدەرمان بن و پرۆژەكە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دەوڵەمەند بكەن، بۆ نموونە لەكاتێكدا حكومەت دەڵێت داهاتەكانم 15 ترلیۆن دینارەو خەرجییەكانم 16ترلیۆن و نیوە واتا یەك ترلیۆن و نیو دیناری كەمە لەكاتێكدا بەغداد بەچەندین شێوە بڕیاری شەڕی ئابووری و دژایەتیكردنی بودجەكەمانی راگەیاندووەو جێبەجێشی كردووە و بودجەی بەستۆتەوە بەبارودۆخە سیاسییەكەوەو بۆ ئەو مەرامە بەكاری دەهێنێت، هەربۆیە من سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كورتهێنانەم لە ڕێگای كەمكردنەوەی ئەو خەرجییانەی پێویست نین و یا ئەو داهاتەی لەناوخۆ هەیە بەرزی بكەمەوە و هانی خەڵكی بدەم پارەی رسوماتی ئاوو كارەبا بدەن و باج لەسەر هەندێك كارو ئیش زیاد بكەم، ئێمە هەوڵمانداوە لەبری كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و چین و توێژەكانی تر پارەی ئیفادو سەفەرو بۆنەكان كەم بكرێتەوە .
سەبارەت بەمەسەلەی دەرماڵەكانی فەرمانبەران بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری وتی: ئێمە پێشنیاری ئەوەمان كردووە دیراسەی دەرماڵەی فەرمانبەران بكەین، كە هەندێك دەرماڵە لەبەغدا هەیەو لەهەرێم نییە و بەپێچەوانەشەوە ئێمە هەندێك دەرماڵەمان هەیە كە لەبەغدا نییە، بۆ ئەمەش داوامانكردووە لیژنەیەك دروست بكەین و رەچاوی دادپەروەرانە لەنێوان دەرماڵەی هەموو وەزارەتەكاندا بكەین، ئێمە وتوومانە با دادپەروەری لەنێوان دەرماڵەكاندا هەبێت نەك مووچەی فەرمانبەران كەم بكەینەوە، لەناو پەرلەمانیش وا دەڵێن؛ كەچی ئەوانەی مەرام و مەبەستی سیاسییان لەگفتوگۆكان هەیە تەشهیر بەحكومەتەوە دەكەن و پروپاگەندەی لەدژی بڵاو دەكەنەوە دەڵێن گوایە حكومەت پڕۆژەی پێشكەش كردووە بۆ كەمكردنەوەی مووچەكان، ئەمە لەكاتێكدا حكومەتی خەڵكەو بۆ خزمەتگوزاریی و پاراستنی سەروماڵی ئەوان دانراوە و پێویستە بەهەموو لایەكمان كارو پڕۆژەكانی خەڵك زیاتر رێك بخەین و حكومەتەكەی هاووڵاتیان دەوڵەمەندو بەهێز بكەین نەك پروپاگەندەی لەدژ بكەین . بێگومان رەخنەگرتن و گفتوگۆكردن لەپرەنسیب و بنەماكانی كاری ئێستای حكومەتە، بەڵام پێویستە دوور بێت لەململانێی سیاسی و دژایەتیكردنی جێبەجێكردنی كاروچالاكییەكانی حكومەت كە لەحەقیقەتدا كارو خزمەتگوزارییە بۆ خەڵكی، لێرەدا هەندێك نموونە دەهێنمەوە هەندێك بڕگەو ماددە لەبودجەدا هەیە كە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و زۆربەی وڵاتانی دنیا دایانناوە و هەموو وڵاتانی پێشكەوتووە پابەندن پێوەی، ئێمەش بەشێكین لەعێراق و ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین، لەلایەكی ترەوە كوراسەیەك بۆ هەموو وەزارەتەكان دەنێرین و هەموو پێداویستیەكانی ئالیك و سەربازی و تەرفیهی بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكان و جەژنەكانی تێدایە، كەهەریەكەو بەپێی پێویستی خۆی بڕی دەكاتەوە، بۆ نموونە هەردوو بڕگەی عەلەف (ئالیك) و (تەرفیهی رەسمی) بۆ هەموو وەزارەتەكانی پێشمەرگەو پەروەردەو كشتوكاڵ و ناوخۆو ئەوقاف و ... تاد دەچێت و كەشف دێتەوەو هەریەكەو كەشفی خۆیان هەیە كە رەنگە لەزانكۆكان هەندێك ئاژەڵ و زیندەوەریان هەبێت بۆ توێژینەوەو تاقیكردنەوە زانستییەكان پێویستیان پێی هەبێت بەڵام هەموو وەزارەتەكان ئاماژەیان پێ نەكردووە، یا سەگی پۆلیسی بۆ وەزارەتی ناوخۆو لایەنە ئەمنییەكان، تۆ سەرنجی ئەم دژایەتیكردنە بكە لەبڕگەی ( ترفیهی رسمی) كە لەپێشی كەوانەیەك هەیەو هەموو پەیوەندییەكان و شاندەكان و میواندارێتی و ئاهەنگەكان نووسراوە كەچی پەرلەمانتار هەیە دێت و دەچێت تەنیا بەترفیهی رەسمی دەیخوێننەوەو بۆ سەر زمانی كوردی وەردەگێڕن و دەیكەن بە (رابوواردن )و دەڵێن حكومەت 28 ملیاری بۆ رابوواردن لەبودجە خەرج كردووە، كەچی بڕگەكە بەمجۆرە نییە و وردەكاری لەسەر ئەم بڕگەیە نووسراوە، بەڵام ئەوانە بەتەواوی نایخوێننەوەو نایانەوێت بزانن مەبەستی سەرەكی بڕگەكە چییە، بۆ نموونە كە یادو بۆنەكانی ئەوقاف واتە بۆنە ئاینییەكانە (بۆنە ئاینییەكانی موسڵمانان و مەسیحییەكان و ئیزییدیەكان) بۆنە فەرمییەكان ئەوە وەزارەتی رۆشنبیری دەگرێتەوە و بەهەمان شێوە ئەوانی تریش.
سەبارەت بە قەرز و ئەو پێشنینیانەی كە حكومەت بە هاووڵاتیانی دەدات وتی: ئەو پێشینانەی كە پەرلەمان بڕیاری لەسەرداوە بە هاووڵاتیان بدرێت ئەوە لەناو بودجەدا نییە وەكو ئەو 25ملیۆنەی بە گوندەكان دەدرێت و ئەو 20ملیۆنەی بە ناو شارەكان دەدرێت، هەروەها بۆ دروستكردنی خانوو قەرزی پیشەسازی هەتا یەك ملیار دینارو قەرزی كشتوكاڵ تا 500ملیۆن دینارو سندوقی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت هەموو ئەمانەو پێشینەكانی دیكەش كە هەیە هیچی لە ناو بودجەدا نییە، بەڵكو لە دەرەوەی بودجەدایە، لە هەموو دنیادا حكومەت قەرز بە خەڵك نادات،بەڵام لە ساڵی 2006 تا ئێستا 3تریلیۆن و 900ملیار دینارمان قەرز و پێشینەكان بە هاووڵاتیان داوە،، تەنیا لەو پێشینانەی كە چەند ساڵە بەخەڵك دراوە 451 هەزار كەس سوودمەند بوون و ئەوەی لە بودجەكەش راستەوخۆ پارەوە وەردەگرن و سوودمەند دەبن موچەخۆرانن هەر لە فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەست و خانەنشینی مەدەنی و سەربازی و تۆڕی كۆمەڵایەتی و كەمئەندامان بگرە تا دەگاتە خانەوادەی سەربەزری شەهیدان و ئەنفالكراوان و... تا كە ئەمانەش ژمارەیان یەك ملیۆن و 341هەزار كەسە.



خورشید ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان بۆ (گوڵان):
ئەركی پەرلەمانتارە پەیامی هەڵە بەهاووڵاتیان نەدات و دوور لەگوتاری سیاسی هەڵسەنگاندنی پڕۆژە یاسای بودجە بكات

سەبارەت بەگفتوگۆكانی تایبەت بەپەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان خورشید ئەحمەد سەلیم جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان وتی: ئەركی پەرلەمانتارانە هەڵسەنگاندنێك بۆ راست و دروستی سیاسەتی چۆنییەتی بەدەستهێنانی داهات و خەرجییەكان بكەن و جەخت لەسەر ئەو سێكتەرانە بكەنەوە كە بۆ بەرژەوەندی گشتی گرنگە و بزانن حكومەت ئەم سیاسەتانەی بەباشی پەیڕەوكردووە، بەڵام ئەمە لەزۆربەی گفتوگۆو پێشنیارەكانی پەرلەمانتارەكان پەیڕەونەكراوەو چوونەتە ناو هەندێك بابەتی واوە كە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەبودجەوە نییەو زیاتر پەیوەندی بە مەرام و گوتاری سیاسی و ئەجێندەی حزبیەوە هەیە، هەربۆیە زۆربەی گفتوگۆكانی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجە بووەتە مەیدانێك بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن و پەیامی هەڵە بەهاووڵاتیان دەدرێت، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی ئاماژە بەژمارەو زانیاری و داتای هەڵە دەكرێت، ئەركی پەرلەمانتارە دوور لەگوتاری سیاسی و ئەجیندەی لابەلاوە هەڵسەنگاندن بۆ خاڵ و هێڵە گشتیەكانی ناو پرۆژە یاسای بودجە بكات و چارەسەر بۆ كەموكورتییەكان بدۆزێتەوە، بوونی كەموكوڕی لەهەموو پڕۆژەكانی یاسای بودجەی سەرجەم وڵاتەكان ئاساییە، گرنگ ئەوەیە بتوانین لەو دەرفەتانە پرۆژەكە دەوڵەمەند بكەین و كەموكوڕییەكانی نەهێڵین.
سەبارەت بەدواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەكەو شوێنەوارەكانی لەسەر هاووڵاتیان جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان وتی: دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە زیان بەحكومەت و هاووڵاتیان دەگەیەنێت، لە بودجەی بەشی بەگەڕخستن بەشێوەیەكی راستەوخۆ 1 ملیۆن و 341 هەزار كەس مووچە وەردەگرن لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و فەرمانبەرانی گرێبەست و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و تۆڕی كۆمەڵایەتی و دەرماڵەی قوتابیان و مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و . بەمەش نزیكەی 7 ترلیۆن دینار مووچەی مانگانە لەماوەی ساڵێكدا دەدرێت، واتا مانگانە 600 ملیار دینار دەچێتە دەست خەڵك و لەبازاڕ خەرج دەكرێت، كە بەشێكە لەدروستكردنی هەلی كارو باشتركردنی بوژانەوەی باروگوزەرانی خەڵكی، ئەمە جگە لە بودجەی وەبەرهێنان كە 2500 پڕۆژەی بەردەوام هەیەو نزیكەی 600 پڕۆژەی پێشنیاركراویش هەیە، بەمشێوەیە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان تەنانەت ئەگەر فەرمانبەریش نەبن لەكارو پرۆژە سوودمەند دەبن، چ لە ڕێگای مووچەوە بێت یا لەجووڵانەوەی بازاڕو ئەو هێمنی و ئاسایشەوە بێت كە كوردستان لەناوچەكانی دەوروبەرمان جیادەكاتەوە. ساڵانە گلەیی ئەوەمان دەكرد جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و رێژەی ئەنجامدانی دوادەكەوێت كە دەرئەنجام كاریگەری لەسەر ئەدای حكومەت هەیە، ئومێدەوارم لەكۆتایی ئەم هەفتەیە بودجەكە پەسەند بكرێت و دەستی حكومەت واڵا بكەین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان، ساڵی رابردوو بەهۆی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەوە رێژەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان 50% بوو، ئەمساڵ لەئاكامی خێرا پەسەندكردنی بودجە پێشبینی دەكرێت ئەو رێژەیە بەرز بێتەوە ئەمەش لەبەرژەوەندی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری كوردستانەو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشترو زیاتری خەڵكی یە.
سەبارەت بەوەی گلەیی ئەوە هەیە كە هەندێك سێكتەر و وەزارەتەكان پارەی زیاتریان بۆ تەرخانكراوە خورشید ئەحمەد پەرلەمانتار وتی : بوونی سنوورێكی فراوان و كراوە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و ناسەقامگیری لەناوچەكەدا پێویستە بەهەند وەربگیرێت، هەربۆیە كاتێك حكومەت لەسیاسەتی خۆیدا زیاتر گرنگی بەلایەنی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەكە وەرگرتووە لەو روانگەیەوە هاتووە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و خێزانەكان پێویستە لەئەولەویاتی پرۆژەكەدا بێت، دواتر بەشێوەیەكی ریزبەندی گرنگی بەبوارەكانی پەروەردەو خوێندن و تەندروستی و كارەبا دراوە، ئەبێت ئەوەش بزانین كە بودجە لەماوەی ساڵێكدا بەشی ئەوە ناكات گرنگی بەهەموو سێكتەرەكان بدرێت، لەلایەكی دیكەوە 50 ملیار دینار وەكو بودجەیەكی تایبەت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تەرخانكراوە چونكە حكومەتی عێراق بەئەنقەست فەرامۆشی كردوون . تەنیا بەبەراوردكارییەكانی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێت چیاوازییەكە چەند زیاترە.
بوونی شەفافییەت لەداهاتی حكومەتی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەكەدا خاڵێكی تری گرنگە لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان وتی : زۆر بەهەڵە ئەم مەسەلەیە لەزۆر لە راگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت گوایە بۆچی داهاتی ناوخۆی هەرێم تەنیا 600 ملیار دینارە، لەراستیدا داهاتی ناوخۆ نزیكەی 2 ترلیۆن و نیوە، بۆیە دیار نییە چونكە بەشێكی دەچێتەوە بەغدا ئەوەتا 270 ملیار دینار لەم ساڵدا دراوەتەوە بەغدا، لەووردەكارییەكاندا هەموو داهاتەكان دیارە، بەڵام لەپارەی داهات پێویستە حكومەت ئەو پارەی داهاتەی كە بۆ وەزارەتەكانی دەگەڕێنێتەوە هەمووی بەیەكەوە رابگەیەنێت واتا خەمڵاندنی بودجەی داهاتەكە نزیك بێت لە بڕی راستەقینەكەی، لەلایەكی ترەوە حكومەتی عێراق كاتێك داهاتەكە زیاد بكات راستەوخۆ بودجەی سیادی و حاكیمە زیاد دەكات و لەبودجەی هەرێم كەم دەبێتەوە و بەشی هەرێمیش نە لەم دوو خەرجیەی سیادی و حاكیمە دەدات نە لەبەرزبوونەوەی بەهای پێترۆڵ، بە گشتی حكومەتی عێراق فێڵ لەبەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات.
Top