ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (هەنسكی نیوەشەو).

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (هەنسكی نیوەشەو).
ئەحمەد سالار
لەم ئاستی دواهەمین هەنگاونانانەی دوایین لاپەڕەكانی ئەم رۆژانە نامەیەمدا، دەمەوێ بەخێرایی ئاوڕێك لەو رۆژانە بدەمەوە كە رامبواردووە، بە ترش و شیرینیانەوە، بە تفت و تاڵاو ناخۆشییەكانیانەوەی.
ئەم دوایین ئاوڕە، لەو ئاوڕدانانەوانەیە كە هەتا بكرێ گردكردنەوەی گشت دڕك و پەیكوڵێتی تووڕەبوون و ناڕەزایی و بێزاری بێ. هەر هەموو ئازارەكان لەژێر دەستیەوە و لە لەشكری ئەو گشت هێزە بێشومارانەی زادەی دەردو ژەهری رەگەزپەرستی دەروبەرەكەمان و بەربادبوونی خەڵكەكەش بە بێگانەپەرستی و خۆكوژی، بە كورتی و كرمانجی ئێمە سەراپای مێژووەكەمان كۆششی جەهالەتی ناوخۆمان و رەگەزپەرستیی گەلانی دەوروبەرو بێ مرۆیی (زل....) هێزەكانێتی.
ئاواتم بوو ئەو رۆژە ببینم ئەو گشت تەوقانە لە گەردنمان داماڵڕێ و ئازاد بین، پێشم گوناحە بڵێم نایبینن، ئەمە گرفتەكەیەو ئەمە قووڵایی ئازارو نائومێدییەكەیە. بەش بە حاڵی خۆم وەك ئەو هونەرمەندەی بەرزترین و فراوانترین مەودای خەونی جوانم هەبوو، جگە لەوەی هەر لە رۆژانی كۆتایی بەم رۆژانە نامەنووسینە بهێنم و بڵێم وادەی دەست لێ بەردان و ماڵئاواییكردنە. نابێ چاكەی دەزگای (گوڵان) و مامۆستا (فەرهاد محەمەد)ی سەرنووسەر و رۆشنبیری مەزن و كاكە (خەلیل بلەیی)ی رۆژنامەنووسی ژیر و زرنگ لەبیر بكەم، جگە لەو یارانە لە پێشیانەوە مامۆستا (سلێمان یاسین) و كاكە (شاخەوان جەعفەر) و برامان (لوقمان رەشیدی) كە بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا كرد، ئەگەر ئەوانە نەبوونایە ئەو هەموو سەربوردە و یادەوەرییانەشم دەبردە ژێر گڵ.
هیوادارم راستگۆ بووبم، چونكە مێژوونووسینەوەی راستەقینە نووسینەوەی بیرەوەرییە، بیرەوەی منیش رۆژانی جۆش و خرۆشی شانۆیە كە هەرگیز لە كێشەی سەرەكیی گەلەكەم دابڕو بێبەری نەبووم، هەمیشە دروشمو بووە: (شانۆ ژیانە).
بۆ دواجاریش، دەڵێمەوە: دوژمنی رەگەزپەرستان بن، رەگەزپەرستیش، جۆرێكە لەو جەهالەتە ترسناكەی زادەی زیادەڕۆییە، بۆیە لە هەر ئەندازە بەدەربوونێك ترازانە لە ئاستی خۆی، ئەگەر ئایینیش بێت، ئێمەی كورد ئەوانەشمان بەگشت جۆرەكانیەوە بینی...
لەم وڵاتەی ئێمەدا شیرازە تێكچوونێ تێكچوو، تەنانەت بایەخە پیرۆزو بەهاجوانەكانی نەپاراستووە، بە شۆڕش و حزبایەتیشەوە، هەر هەموو بوونەتە كەرەسەی وێرانكردنەكە كە گەلێك راراو لێكترازاو و پارچە پارچەین، دەبێ چاوەڕێی چ ئایندەیەكی رۆشنی لێبكەیت، فەرموویان: «دوو ساڵ یەكڕیزیم بدەرێ بە دوو مانگ سەربەخۆییت دەدەمێ».
رۆژانی كە بە ئاگرو ئاسن مامەڵەمان لەگەڵ دەكرا، چەندە دژوار بوایە هێندە بیری نەتەوایەتی و خۆڕاگریمان بەهێزتر دەبوو، خەونە جوانەكانمان زیندەبەچاڵ كران. لەگەڵ ئەوانەشدا ئاواتم و بڕوام بە سبەینێی گەشاوەتر هەبووە. ئەوە با ئاه و حەسرەت لەولاوە بووەستێ. ئەوەی گوشادم دەكات، ئەوەیە كە هەرگیز لە ئاستی ژیاندا دەستەكۆڵەو دۆشداماو نەبووم، لەسەرجەم بوارەكانی ئەدەب و هونەردا كارم كردووە و سەدان قوتابیی زرنگم لە بواری شانۆدا پێگەیاندووە و هەرچی خۆشەویستیی گەل هەیە پێشكەشم كراوە و دەیان میدالیای شانازیم بە بەڕۆكەو كراوە و باڵاترین پلەیان پێ سپاردووم، لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و دەرەوەش، پاش ئەوەی باری تەندروستی تەنگی پێهەڵچنیم و ناچاری كردم، بڵێم: بمبەخشن ئەو وزە و گوڕەی جارانم نەماوە، نە دەست و پەنجەكانم جوان قەڵەمگیر دەبن و نە چاوانم ئەو رۆشنییەی هەیە بە جوانی ببینم، بۆیە دەبێ ترۆپكی ئەفراندن و لەو گوڕەو گەرمیی هەڵكشاندا بووم، نەخۆشی هەمیشەیی بەرۆكی گرتم و بواری ململانێكەی دژوار و سەختتر كردم.
دەبێ بە دەنگێكی بەرز بڵێم: هەرە چەندە لە رۆژانی رژێمدا خۆم و بەرهەمەكانم رووبەڕووی چەشنەها لێپرسینەوە، پرسیار لەسەر دانان دەبووم، ئەوە بۆ خوا دەڵێم و هەرگیز لە هیچ دەسەڵاتێكی زل و زەبەلاح نەسڵەمیومەتەوە و ئەوە بەرهەمەكانی ئەو رۆژگارانەم گەواهی زیندوو راستگۆن و لەلایەكی دیكەوە هێندەم لەسەر نووسراوە و هەڕەشەم لێكراوە دۆسییەكەم كە لە پاشماوەی دەزگا پڵۆسێنەرەكانی رژێمەوە دەست خەڵكی كەوتوون، كەمتر نییە لە دۆسییەی هیچ سەركردەیەكی كورد، لەگەڵ ئەو گشت شتانەدا دەڵێم هێندە بە دەست بنەماكانی بوارەكانی هونەر و ئەدەبەوە ئەوانە خۆیان بە پاشكۆی لایەنانی چەك بەشانی ئەو رۆژانەوە شەتەك دابوو، گەلێك ئازار و خەمم چێشتووە، زۆر زیاترن لە ئازاردانی دەسەڵات، بەهەموو شێوەیەك قەستی سەروگیانمیانی بوو. هەمیشە لە كەمیندا بوون بۆم، بە هەموو توانایانەوە دەیانویست دەستبەرداری هونەرەكەم ببم، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ عاشقتر و پەیوەستتر دەبووم، بە كوێرایی چاوی هەر هەموویان من هەر هەڵدەكشام و ئەو نەیارانەش هەر چۆن بڵقی سەر ئاو نەدەمان و ڕۆ دەچوون.
Top