کەژان ئەسەدی: هونەر پێوەندیی راستەوخۆی بە ئازادییەوە هەیە
كەژان وەك كچە ئەكتەرێك لەبارەی جورئەت لەنواندن دەڵێ: جورئەت ئەوەیە پەیامێك كە هەڵگری راستییەكانە وەك خۆی بگوازیتەوە، هونەر خۆی لە خۆیدا هەڵگری راستییەكانە.
سەبارەت بە بوونی جیاوازی لەنێوان پارچەكانی كوردستان لەكاری هونەریدا كەژان دەڵێ: رۆژهەڵاتی و باشووری یەك نەتەوەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە كەم تا زۆر جیاوازی هەیە لەوردەكارییەكان و جیهانبینی تاكەكان لەم دوو پارچەیە، لە رۆژهەڵات هونەر خاوەن مێژوویەكی كۆن نییە، هەر ئەوەش وایكردووە تا ئێستاش كۆمەڵگە بە گشتی روانگەیەكی دیاریكراوی نەبێت بۆ هونەر لەگەڵ ئەوەشدا جموجۆڵی هونەری باشی تێدا دەبینرێت، بەڵام ئازادییەكی زۆرتر بۆ ئافرەت هەیە لە باشوور ئەمەش وایكردووە زۆر لە كچانی رۆژهەڵات لێرە كاری هونەری ئەنجام بدەن.
سەبارەت بەو ئازادییەی كە لە كوردستان هەیە كەژان دەڵێ: هیوادارم هونەرمەندانی باشوور سوودیان لەو ئازادییە وەرگرتبێت، هونەر پێوەندی راستەوخۆی بە ئازادییەوە هەیە. بەڵام كاتی پێویستە تا لەم بەشە مێژوویەك دروست بێت، جا ئەو كات ئەم مێژووەو ئەم ئازادییەی كە هەیە بۆ بەدیهێنانی پەیامەكانی هونەر تەواوكەری یەكتر دەبن.