ئەمبیر هارد: پێویستە بۆ نەمانی توندوتیژی دەنگمان هەڵبڕین
ئەمبیر تەمەن 30 ساڵ لەم بارەیەوە دەڵێ: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان خۆی لەخۆیدا جۆرێكە لەسەرشۆڕی و ئیهانە، چونكە زۆر لە ئافرەتان دووچاری ئەم كارە قێزەوەنە دەبنەوە، بەڵام كاتێك لەماڵی خۆتدا روودەدات لەپەنا دەرگاداخراوەكان و لەلایەن كەسێكەوە كە تۆ زۆرت خۆشدەوێت ئەمە كارێكی ئاسان نییە و زەحمەتە بەرگەی بگریت.
ئەمبیر لەم بارەیەوە زیاتر دەڵێ: من وەكو ئافرەتێك ئەم ئەزموونە تاڵەم بینیوە، بۆیە بەدەرفەتی دەزانم بەبیر ئافرەتانی بخەمەوە كە ناكرێ بارودۆخەكە بەم شێوەیە بهێڵدرێتەوە، ناكرێ ئافرەتێك بە تەنیا رووبەڕووی ببێـتەوە، چونكە بەتەنیا ئەو ئەزموونە تاڵەی نەبینیوەو ئێمە هەموومان دەتوانین ئەو بارودۆخە بگۆڕین.
ئەمبیر كە لە جۆنی دیبی هاوسەری جیابۆوە و توانی لە پرۆسەی تەڵاقدانی بڕی 7 ملیۆن دۆلار بباتەوە، گشت پارەكەی پێشكەش بە رێكخراوە خێرخوازییەكانی یارمەتیدانی ئافرەت و منداڵان كرد، رووی لەئافرەتان كردو گوتی: قسە بكە، دەنگت بەرز بكەوە، چونكە دەنگی تۆ بەهێزە، ئێمە ناتوانین چیتر بێدەنگی قبووڵ بكەین.